ئەو نەخۆشەی نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ کرا، گیانی لەدەستدا

13-05-2024
ئیسماعیل خالس نادر
A+ A-
رووداو - تەندروستی

گورچیلەی بەراز تەنیا دوو مانگ تەمەنی وەرگرەکەی درێژکرد و نەخۆشخانەی گشتیی ماساشوسێتس لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، وەرگرە 62 ساڵانەکەی گورچیلەی بەراز دوای دوومانگ لە نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەراز گیانی لەدەستدا.
 
نەخۆشخانەی گشتیی ماساشوسێتس لە شاری بۆستن لە ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: ریچارد سولەیمانی تەمەن 62 ساڵ دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەرازی بۆ ئەنجامدرا، نزیکەی دوو مانگ دوای نەشتەرگەرییەکە گیانی لەدەستدا.
 
بە گوێرەی نەخۆشخانەکە، نەشتەرگەرییەکە چوار کاژێری خایاند و بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، بەڵام دواتر سیستمی بەرگریی جەستەی ریچارد ئەم ئەندامە بیانییەی رەتکردووەتەوە و ئەمەش هۆکاری گیانلەدەستدانی بووە.
 
نەخۆشخانەکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم گورچیلەی بەرازەی کە لە پڕۆسەی چاندنەکەدا بەکارهاتووە، لەلایەن کۆمپانیای eGenesis کە کۆمپانیایەکی بایۆتەکنەلۆژییە دابینکراوە و دەستکاریی بۆماوەیی کراوە بۆ لابردنی جینە زیانبەخشەکان و زیادکردنی هەندێک جینی مرۆڤ.
 
پزیشکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکە دەڵێن، "پێمان وابوو گورچیلەی بەرازەکە لانیکەم بۆ ماوەی دوو ساڵ کاردەکات''.
 
کەمیی بەردەستبوونی ئەندامەکانی جەستە کێشەیەکی جیدییە لە سەرانسەری جیهان، ئێستا هەزار و 400 نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ ئەوەی تەنیا لە نەخۆشخانەی گشتیی ماساشوسێتس چاندنی گورچیلەیان بۆ بکرێت و ساڵانە چەندان کەس پێش هاتنی نۆرەیان گیانلەدەستدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە