رووداو - تەندروستی
پیسیی هەوا وەکو تەم لە هەندێک وڵاتدا بەردەوام هەیە و خەڵک دەمامک دەبەستن، بەتایبەت لە وڵاتانی پاکستان و هیندستان.
ئەنجامی راپۆرتێکی کۆمپانیای ئای کیو ئێری نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات، زۆرینەی وڵاتانی جیهان هەوایان پیسە و 17٪ـیان کاردەکەن بۆ رێگری لە پیسبوونی هەوا.
فرانک هەیمس، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای IQAir دەڵێت: ''ئەنجامی راپۆرتەکەی ئەمساڵمان ئەوەیە کە ئێمە باشتربوونی زۆرمان لە جیهاندا بینیوە، بەڵام هێشتا کەمن و زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان لەنێویان پاکستان و هیندستان هیچ پێشکەوتنێک نەبووە لەڕووی کواڵیتیی هەواوە، لە ئەمریکای باکوور پێشکەوتنی گەورەمانه بینیوە لەبەرئەوەی کەمتر ئاگرکەوتنەوەی تێدابووە''.
بەپێی مایۆکلینیک، هەوای پیس کورتخایەن دەبێتەهۆی؛ هەستیاری، ناڕێکیی لێدانی دڵ، رەبۆ و کۆکە و هەناسەتەنگی، هەروەها درێژخایەن دەبێتەهۆی لەدایکبوونی منداڵ بە ناکامی، هەوکردن و تێکچوونی سییەکان، شێرپەنجە، جەڵتە و نەزۆکبوون.
پسپۆڕان جەخت لە مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا دەکەنەوە و هۆشداری تووند لەبارەیەوە دەدەن.
فاتیمە ئەحمەد، پسپۆڕی پیسبوونی هەوا لە مالیزیا دەڵێت: ''توێژینەوەی زۆرهەن کە کاریگەرییەکانی پسیبوونی هەوا دەردەخەن، بەڵام تەنیا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دوو شت، یەکەمیان لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن، پیسبوونی هەوا هۆکارێکی نەخۆشیی ئەلزەهایمەرە، دووەمیان توێژینەوەی دیکە هەیە دەریدەخەن، مادە پیسکەرەکانی هەوا شێرپەنجەیین و دەبنەهۆی شێرپەنجە''.
بەپێی راپۆرتەکە، چاد، کۆنگۆ، بەنگلادیش، پاکستان و هیندستان پیسترین هەوایان هەبووە؛ کۆریای باشوور و پۆڵەنداش پاکترین.
تەنانەت ئاشکراشی دەکات، 99٪ـی دانیشتووانی جیهان لە هەوای پیسبوودا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ