رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە هۆڵەندا ئاشکرای دەکات، دووکەڵی جگەرە بۆ منداڵان ئەگەری تووشبوون و دەرکەوتنی نەخۆشیی درێژخایەنی فرەڕەقبوونی دەماری زیاددەکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئیراسمەس لە زانکۆی رۆتەردامی هۆڵەندا لەسەر زیاتر لە حەوت هەزار منداڵ کرا و دەرکەوت، 405 منداڵ کە نەخۆشییەکەیان لێدەرکەوتووە بەرکەوتەی دووکەڵی جگەرەکێشانی دایک و باوکیان بوون.
د. رینزی فرێدریک، پسپۆڕێکی زانکۆکە دەڵێت، بەرکەوتن بە دووکەڵی جگەرە بەرگریی منداڵان کەمدەکاتەوە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS.
بە گوێرەی مایۆکلینیک، نەخۆشیی فرەڕەقبوونی دەماری MS نەخۆشییەکی بەرگریی دژەخۆییە واتە سیستمی بەرگریی جەستە بە هەڵە هێرشدەکاتە سەر خانەکانی جەستە و وەکو تەنێکی نامۆ دەیانناسێتەوە، بەمەش هەوکردنی تووند دروستدەبێت و خانەکان لەنێودەچن.
لە فرەڕەقبوونی دەماری سیستمی بەرگری هێرشدەکاتە سەر جۆرێک خانە کە دەوری دەمارەخانەکانی داوە و کار دەکاتە سەر دەمارەخانەکانی بەرپرس لە جووڵە، بینین و هاوسەنگی، هەروەها ئەو نەخۆشییە لەڕێگەی چەند پشکنینێکی وردەوە دەستنیشان دەکرێت.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە
- ناڕێکیی لە جووڵە
- کەمبوونەوەی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازیی بینین
- لاوازیبوونی بیرکردنەوە و توانای یادگە
- سڕبوونی پەلەکان
- ئازار
- گرژبوونی ماسوولکەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ