رووداو - تەندروستی
لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان قوتابخانەی منداڵبوون کراوەتەوە تاوەکو خانمان لە پڕۆسەی دووگیانبوون و دووگیانی ئاشنابکەن.
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، هەوڵدەدەن ترسی خانمان لە منداڵبوون کەمبکەنەوە و ماوەی دووگیانییان تەندروست بێت.
د. ئایشەنور ئێزگی، مامۆستایەکی قوتابخانە و پسپۆڕی خانمان دەڵێت: "لە قوتابخانەی منداڵبوون هەوڵدەدەین زانیاری بدەین بە ئافرەتە دووگیانەکانمان دەربارەی ماوەی دووگیانی و دوای دووگیانی، هەوڵدەدەین نەترسن لە لەدایکبوونی ئاسایی و رێگەیان پێبدەین بە پرۆسەیەکی تەندروست و هۆشیارانەی دووگیانیدا تێپەڕن".
لە کاتی راهێنانەکاندا دایکانی دووگیان بە سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕ راهێنانیان پێدەکرێت سەبارەت بە وەرزش، راهێنانە تەندروستییەکانی دووگیان، رێژیمی خۆراک و چاودێریکردنی کۆرپە دوای دووگیانی.
ئەلیف کنای، دایکێکە و بەشداری لە یەکێک لە قوتابخانەکە کردوو و دەڵێت: "گەورەترین سوودی قوتابخانەی منداڵبوون ئەوەیە کە هەموو زانیارییەکان سەبارەت بە پرۆسەی دووگیانی و منداڵبوون روونکراوەتەوە، بەهۆی ئەو پەروەردەیەوە ترسم شکاند و نیگەرانییەکانم نەماون، بە بۆچوونی من ئەمە بۆ هەموو دووگیانییەک سوودی هەیە".
بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی ئاماری تورکی، پار 958 هەزار و 408 کۆرپە لە باکووری کوردستان و تورکیا لەدایکبوون. کە 40.6٪ـی ئەو لەدایکبوونانە منداڵی یەکەم بوون. مەبەست لەم راهێنانەی شاری وان ئامادەکردنی خانمانی ناشارەزایە بۆ باشترکردنی کوالێتیی پرۆسەی دووگیانی و دوای دووگیانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ