رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەیەکی ژنان و منداڵبوونی کەرکووک دووانەیەکی دەگمەن لەدایکبوون کە هەمان دڵیان هەیە، پسپۆڕی سەرپەرشتیاری دووانەکە رایدەگەیێنێت، نەشتەرگەریی لێکجیاکردنەوەیان لە عێراق ناکرێت و پێویستە ببرێنە دەرەوەی وڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-3-2025 هەردی محەممەد، پەیامنێری کەرکووک لەنێو بەشی منداڵە ناکامەکانی منداڵە تازەلەدایکبووەکانی نەخۆشخانەکە و لەبەردەم ئەو ژوورە شووشەییەی دووانەکەی تێدایە گوتی، کەسوکاری منداڵەکە خەڵکی شارۆچکەی گوڵاڵەن و هەردوو منداڵەکە رەگەزیان مێیە.
د. سوزان وەهبی، پسپۆڕی خانمان و منداڵبوون بە رووداوی راگەیاند، پێویستە ئەو منداڵانە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن، چونکە نەشتەرگەرییەکە هەستیارە و دەبێت بە زانستییانە لێکجیابکرێنەوە.
د. سوزان کە خۆی سەرپەرشتی دایکی منداڵەکانی کردووە دەڵێت: ''دۆخەکە دەگمەنە و نەشتەرگەریی لەدایکبوونەکەیان زیاتر لە کاژێرێکی خایاند و ئێستا تەندروستییان جێگیرە''.
سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک گوتی، ئێستا تەندروستیی دایکەکە و منداڵەکان جێگیرن و باس لە حاڵەتەکە دەکات و دەڵێت، دووانەی پێکەوەلکاو حاڵەتێکی دەگمەنە. لەنێو 50 هەزار تاوەکو 200 هەزار منداڵ یەک دۆخی وەها روودەدات.
تەندروستیی کەرکووک ئاماژە بەوەشدەکات کە "پێشبینی دەکرێت 40٪ بۆ 60٪ـی ئەم حاڵەتانە بە مردن کۆتاییان بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ