مانگرتنی پزیشکانی کۆریای باشوور ژیانی تووشبووانی شێرپەنجە دەخاتە مەترسییەوە

10-09-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەرپرسانی تەندروستیی کۆریای باشوور رایدەگەیێنن، بەهۆی مانگرتنی درێژخایەنی پزیشکانی خولاو و پسپۆڕ لە وڵاتەکە، ژیانی تووشبووانی شێرپەنجە بە تایبەت ئەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە لە مەترسیی جیدیدایە.
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی خزمەتگوزاری و جۆریەتیی تەندروستی HIRA، لە شەش مانگی ئەمساڵ ژمارەی نەشتەرگەرییەکان 16.3٪ کەمبووەتەوە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو.
 
لەکاتێکدا کیم یوون، پەرلەمانتارێکی کۆریای باشوور دەڵێت: ''لە شەش مانگی ئەمساڵ 11 هەزار و 181 نەشتەرگەریی شێرپەنجە کەمتر کراون بەراورد بە ساڵی رابردوو''.
 
پزیشکانی خولاو کە بە ''پزیشکانی گەنج'' ناسراون لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە خۆپێشاندان و بایکۆتەکانیان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن، ئەوان دەڵێن، ''سەرەڕای نەبوونی دامەزراندن، لەلایەن حکومەتەوە هەوڵی زیادکردنی کورسییەکانی خوێندنی پزیشکی دەدرێن''، ئەمەش وایکردووە ئەمساڵ زیاتر لە 12 هەزار پزیشک واز لە کارەکانیان بهێنن، بەمەش رێژەی پزیشکانی خولاو لەکۆی 211 نەخۆشخانەی گشتیی کۆریای باشوور تەنیا 8٪ـە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە