د. شلێر فایەق: 50٪ـی ئەوانەی بە نەشتەرگەریی منداڵیان دەبێت، خانمانی خوار 18 ساڵانن

10-09-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوونی سلێمانی رایدەگەیێنێت، زۆرینەی ئەوانەی بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، ئەوانەن کە لە تەمەنێکی بچووکدا ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و دووگیانبوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئەیلوولی 2024 د. شلێر فایەق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی خانمان و منداڵبوونی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2016ـەوە ساڵانە رێژەی منداڵبوونی خانمانی خوار 18 ساڵان زیاددەکات کە بەشێکی زۆریان ئاوارەکانن و 50٪ـی رێژەی منداڵبوون بە نەشتەرگەرییەکان پێکدەهێنن.
 
بەگوتەی د. شلێر فایەق، مەترسییەکانی دووگیانبوونی خانمانی تەمەن بچووک ئەمانەن؛
 
- خوێنبەربوون
- گەشکە
- لەبارچوون 
- فێی دووگیانی
- لەدایکبوونی منداڵی ناکام
 
بە گوتەی د. شلێر فایەق، بەشوودانی منداڵ کارەساتە، چونکە دەشێت خانمەکە دووچاری کێشە دەروونی و جەستەییە درێژخایەنەکان بێت و تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە رەنگە ئەوانەی لە تەمەنێکی کەمدا منداڵیان دەبێت، دووچاری خەمۆکیی دوای منداڵبوون ببنەوە.
 
هەر بۆیە روونی دەکاتەوە، باشترین تەمەن بۆ دووگیانبوون لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایە، چونکە لەو تەمەنە خانمان کۆئەندامی زاوزێیان پێدەگات و جەستەیان ئامادەدەبێت بۆ سکپڕی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە