رووداو - تەندروستی
بەردەوامیی هەڵمەتی فراوانی رێکخراوە جیهانییەکان بۆ کوتانی منداڵانی غەززە بەردەوامە و هەر منداڵێک قەترەیەکی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵانی پێدەدرێت.
گوتەبێژی ئۆنروا لە غەززە رایدەگەیێنێت، ئێستا پێویستیان بە ئاگربەست هەیە بۆ ئەوەی کارەکانیان بەردەوام بکەن و منداڵانی غەززە لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی مەترسیدار و کوشندەی ئیفلیجیی منداڵان بپارێزن.
لویس واتێریج، گوتەبێژی ئۆنروا دەڵێت: ''لە نێوەڕاست و باکووری کەرتی غەززە دەستمان بە هەڵمەتی کوتان دژی ئیفیلجیی منداڵان کردووە، لە دەوروبەرم سەتان و هەزاران منداڵ لەم بنکەیەدا بوون، ئەوان ڤاکسینیان وەرگرتووە و هەڵمەتەکە ئاڵۆزە، پێدانی ڤاکسین لەگەڵ هاوبەشەکانمان وەکو WHO و یونیسێف بۆ نێو کەرتی غەززە ئاڵنگارییە، تائێستا هێزی مرۆیی باشمان هەیە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە و ئەم منداڵانە پێویستە، ئاگربەستە و ئێستا پێویستمان بە ئاگربەستە''.
هەڵمەتەکانی رێکخراوە جیهانییەکان بۆ کوتانی منداڵانی غەززە؛
1- هەڵمەتی یەکەم 1 تاوەکو 3ـی ئەیلوول بەردەوام بوو؛ زیاتر لە 187 هەزار منداڵ ڤاکسینەکەیان وەرگرت
2- هەڵمەتی دووەم لە 5 تاوەکو 8ـی ئەیلوول بەردەوام بوو؛ زیاتر لە 340 هەزار منداڵ ڤاکسینەکەیان وەرگرت.
3- قۆناخی سێیەم و کۆتایی لە 9 تاوەکو 11ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت؛ زیاتر لە 150 هەزار منداڵ دەکاتە ئامانج.
هەڵمەتەکانیش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان UNICEF، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA و وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینەوە جێبەجێدەکرێن و ئامانجیش ئەوەیە دوو قورچکی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجی بدرێت بە زیاتر لە 90٪ـی منداڵانی غەززە.
ئەحمەد شەرەف، دانیشتوویەکی غەززەیە و دەڵێت: ''من هاتووم کوڕەکەم بکوتم دژی ڤایرۆسی ئیفلیجی، هەر بۆیە هاتوومەتە بنکەی تەندروستیی دێر ئەلبەلاح، لەو کاتەوە منداڵبووین، زانیاریمان هەبووە لەسەر کوتان دژی ئیفلیجیی منداڵان، کە گەورەش بووین ترسمان لەوە هەیە منداڵەکانمان تووشی نەخۆشییەکە ببن، چونکە بەهۆی جەنگەوە نەخۆشییەکەش بڵاوبووتەوە''.
ئێستا رێکخراوە مرۆییەکان هاوتای دانیشتووانی کەرتەکە چاوەڕێی درێژکردنەوەی ئاگربەستن، بۆ ئەوەی لە وێرانکاریی جەنگ زیانی زیاتریان پێنەگەیێنێت و تەندروستیی منداڵەکانیش کە نەوەی داهاتوون، پارێزراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ