پسپۆڕێک: زۆرقسەکردن و هاوارکردن دەنگەژێیەکان ماندوودەکەن و لەنێویان دەبەن

10-03-2025
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ و جوانکاریی لووت ئاشکرای دەکات، هاوارکردن هۆکارێکە بۆ بەرکەوتنی زەبر بە دەنگەژێیەکان و بەمەش ئاوازی دەنگ دەگۆڕێت.
 
د. دەریا یوسف، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ و جوانکاریی لووت بە رووداوی راگەیاند، نەشتەرگەریی ئاڵووەکان کاریگەری لەسەر گۆڕینی دەنگ نییە، بەڵام ئەگەر ئاڵووەکان زۆر گەورەبن و نەشتەرگەری بکرێن، ئەوا هەست بە گۆڕانکاری دەنگ لەدوای نەشتەرگەرییەکە دەکرێت، چونکە رێڕەوی هەناسەدان باشتر دەبێت.
 
بەگوتەی د. دەریا یوسف، رێژەی ئەو کوڕانەی کە دەنگیان وەکو کچ وایە زیاترە لە رێژەی ئەو کچانەی دەنگیان وەکو کوڕان وایە، ئەوەش باسدەکات کە ''نەشتەرگەری بۆ گڕکردنی دەنگی کوڕان ئاسانتر و کاریگەرترە بەراورد بە نەشتەرگەریی ناسککردنەوەی دەنگی کچان''.
 
دەقی وەڵامەکانی د. دەریا یوسف لەبارەی هۆکارەکانی گۆڕینی دەنگ و لەنێوچوونی دەنگەژێیەکان و پێشگیریکردن لێیان؛
 
رووداو: نەشتەرگەریی دەرهێنانی ئاڵووەکان {لەوزەتێنەکان} مەترسیی لەسەر لەدەستدانی دەنگەژێیەکان دروستدەکەن؟
 
د. دەریا یوسف: ئاڵووەکان کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی دەنگ نییە، بەڵام ئەگەر زۆر گەورەبن و نەشتەرگەری بکرێن، ئەوا هەست بە گۆڕانکاری لە دەنگ دەکرێت، چونکە رێڕەوی هەناسە فراوانتر دەبێت و کەسەکە هەناسەی باشتردەدات، بەهۆیەوە دەنگیشی دەگۆڕێت کە ئەوە دەنگی سەرەکیی خۆیەوەتی.
 
رووداو: چی دەبێتەهۆی لەدەستدانی دەنگەژێیەکان؟
 
د. دەریا یوسف: لەدەستدانی دەنگەژێ واتە گۆڕینی دەنگ، ئەوەی کە زۆر باو بێت تووشبوونە بە هەوکردنی ڤایرۆسی بەتایبەت پەتاکان؛ ئەوەش تووشی یەک لا دەبێت. هەروەها تووشبوون بە گرێ و شێرپەنجە لە ملدا، پاشانیش هەڵەی پزیشکییە لەکاتی نەشتەرگەرییەکانی رژێنی دەرەقی.
 
رووداو: ئەگەر کچێک دەنگی پیاوی هەبێت، چارەسەری هەیە کە دەنگەکەی کچانە ببێتەوە، یاخود ئەگەر کوڕێک دەنگی کچانەی هەبێت، چارەسەر هەیە کە دەنگەکەی کوڕانە ببێتەوە؟ 
 
د. دەریا یوسف: رێژەی ئەو کوڕانەی کە دەنگیان وەکو کچ وایە زیاترە لە رێژەی ئەو کچانەی دەنگیان وەکو کوڕان وایە، ئەمەش زیاتر لە تەمەنی پێگەیشتندا روودەدات، لە کوڕاندا هەندێکجاریش لەگەڵ گەورەبوونیشدا دەنگی هەرزەکاری هەر دەمێنیتەوە و دەکرێت 'تیکەڵنەبوون، زۆر بایەخدانی دایک و باوک بە منداڵەکە، کەمقسەکردن، گۆشەگیری و شەرمکردن' هۆکار بن بۆ ئەوە... لەبارەی چارەسەریش ئێمە بە راهێنان چارەسەری دەکەین ئەگەر نا، نەشتەرگەری بۆ دەکەین. بەڵام نەشتەرگەریی کچان بۆ ئەوەی دەنگیان ناسکتر بکرێت، کەمتر سەرکەوتووە و کاریگەرییەکەی کەمترە.
 
رووداو: هاوارکردن یاخود قسەکردنی زۆر چ کاریگەرییەک لەسەر دەنگەژێ دروستدەکەن؟
 
د. دەریا یوسف: بەڵێ قسەکردنی زۆر یان هاوارکردن کە زۆر لە خانماندا بڵاوە و دەنگیان گۆڕاوە، قسەکردن بە دەنگی نزم ئاساییە بەڵام هاوارکردن کاریگەریی لەسەر گۆڕینی دەنگ دەکات.
 
رووداو: دەنگەژێیەکان بە چی ماندوو دەبن؟ و ئەگەر ماندووبکرێن بە چی بحەسێنەوە و ماندوویەتیان کەمبکرێتەوە؟
 
د. دەریا یوسف: چەند هۆکارێک هەن بۆ ماندووبوونی دەنگەژێیەکان وەکو؛ 
 
- زۆرقسەکردن
- هاوارکردن
- تووشبووانی دڵەکزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆگی گەدە
- خۆراکی تیژ و پڕ بەهاراتەکان
- جگەرەکێشان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە