رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا گوشاری دەخرێتەسەر بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی رەنگی دەستکردی سوور بۆ نێو خۆراکەکان، بەرپرسێکی وڵاتەکەش دەڵێت، ئەو جۆرە رەنگە لە نەوت دروستکراوە.
جیم جۆنز، جێگری کۆمسیاری دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا بۆ خۆراک دەڵێت: رەنگی دەستکردی سووری ژمارەی 3 لە نەوت دروستکراوە و رەنگێکی سووری تۆخ بە خۆراک و خواردنەوەکان دەدات.
هەرچەندە ئەو دەزگایە بە مەترسیی بۆ سەر مرۆڤی نازانێت، بەڵام رۆبێرت کێنێدی، وەزیری هەڵبژێردراوی تەندروستیی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئەو جۆرە بۆیەیە دەبێتەهۆی شێرپەنجە، تەنانەت رەخنە لە FDA دەگرێت و دەڵێت: کاری خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک بەباشی ناکەن.
هەر رەنگێکی زیادکراوی نێو خۆراک پێویستە لەلایەن FDAـیەوە پەسندبکرێت، 36 رەنگی نێو خۆراک هەن کە نۆیان دەستکردن و ئەم بۆیە سوورە مەترسیدارەش یەکێکە لەوان.
پسپۆڕانی زانستی خۆراک لە وڵاتەکە هۆشداری دەدەن، ئەو رەنگە دەستکردانە زیان بە منداڵ دەگەیێنن و نیشانەکانی فرەجووڵەیی کەمتەرکیز ADHD زیاددەکەن، هەر بۆیە ساڵی رابردوودا پێشنیازی قەدەخەکردنی بەشێک لە رەنگە دەستکردەکان لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، ئیلینیۆس و نیویۆرک کرا و جێبەجێشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ