رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا ئاشكرای دەکات، لە شەش ساڵی رابردوودا 162 کەس بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەرمانەکانی قەڵەوییەوە گیانیان لەدەستداوە.
دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا کە ناسراوە بە FDA دەڵێت، ئەو دەرمانانەی مادەی سیماگلوتایدیان تێدایە کە هی نەخۆشیی شەکرە و ئێستا بۆ خۆلاوازکردنەوە بەکاردێن، مەترسیی مردن زیاددەکات، چونکە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەکارهێنەری ئەو دەرمانانە بوون.
هاوکات پسپۆڕانی دەزگاکە رایدەگەیێنن، هەر کەسێک پێش ئەوەی دەرمانەکانی قەڵەوی بەکاربهێنێت، دەبێت ئاگاداری کاریگەرییە لاوەکییەکانی بێت.
ساڵی رابردوو یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە خانمێکی ئوسترالییە کە بەکارهێنەری دەرمانەکان بوو، بەهۆی کێشەی گەدە و ریخۆڵەوە گیانی لەدەستدا و پزیشکەکەی دەڵێت، هی ئەو دەرمانانە بووە.
تەنانەت FDA ئەوەش باسدەکات کە ساڵی رابردوو 62 هەزار سکاڵایان دژی دەرمانەکانی قەڵەوی لەلایەن بەکارهێنەرانەوە تۆمارکردووە کە 10 هەزار دانەیان مەترسیی جیدییان هەبووە.
بە گوێرەی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا NHS، ژمارەی قوربانییانی دەرمانەکانی قەڵەوی زیادبووە و زۆرینەشیان بەکارهێنەرانی دەرمانە ساختەکانی ئۆنلاینن.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دەرمانەکان قەڵەوی سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستاش بە ئەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون، هەروەها پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، هەروەها پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ