رووداو - تەندروستی
تەندروستیی فەلەستین رایدەگەیێنێت، 69٪ـی منداڵانی غەززە بە ژەمی یەکەمی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجیی منداڵان کوتراون و زۆرترینیان لە نێوەڕاست و باشووری غەززە بوون.
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و رێکخراوە خێرخوازییە جیهانییەکان هەڵمەتێکی دیکەی کوتانیان دەستپێکردووە و ئامانجیانە منداڵانی باکووری کەرتەکە ڤاکسین بکەن. لەم بارەیەوە نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی رایدەگەیێنێت، ئەم هەڵمەتە نوێیە 150 هەزار منداڵ لێی سوودمەند دەبن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، ئامانجیانە 90٪ـی منداڵانی غەززە بە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان بکوترێن.
هەڵمەتەکانی رێکخراوە جیهانییەکان بۆ کوتانی منداڵانی غەززە؛
1- هەڵمەتی یەکەم 1 تاوەکو 3ـی ئەیلوول بەردەوام بوو؛ زیاتر لە 187 هەزار منداڵ ڤاکسینەکەیان وەرگرت
2- هەڵمەتی دووەم لە 5 تاوەکو 8ـی ئەیلوول بەردەوام بوو؛ زیاتر لە 340 هەزار منداڵ ڤاکسینەکەیان وەرگرت.
3- قۆناخی سێیەم و کۆتایی لە 9 تاوەکو 11ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت؛ زیاتر لە 150 هەزار منداڵ دەکاتە ئامانج.
هەڵمەتەکانیش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، سندووقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ منداڵان UNICEF، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA و وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینەوە جێبەجێدەکرێن و ئامانجیش ئەوەیە دوو قورچکی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجی بدرێت بە زیاتر لە 90٪ـی منداڵانی غەززە.
نیشانەکانی ڤایرۆسی ئیفلیجیی منداڵان
- نەمانی کاردانەوەی ماسوولکەکان
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- پەلەکانی جەستە تووشی فشەڵی دەبن و توانای جووڵەیان نامێنێ
- نەمانی توانای قووتدان
گرووپی مەترسیدار بۆ تووشبوون
- ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە
- هەژارنشینەکان
- منداڵانی خوار پێنج ساڵان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ