رووداو - تەندروستی
بەرپرسی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە ئاشکرای دەکات، بەهۆی نەبوونی بەشی قەستەرەوە زۆرێک لە تووشبووانی جەڵتە رەوانەی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024 د. هێمن حوسێن، بەرپرسی بەشی نەخۆشییەکانی هەناو لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە بە رووداوی راگەیاند، تووشبووانی جەڵتەی دڵ لە نەخۆشخانەکە فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ دەکرێت و بەپێی بارودۆخ و خواستی کەسەکە بۆ ئەنجامدانی قەستەرە، دەنێردرێنە هەولێر یاخود سلێمانی.
د. هێمن حوسێن دەڵێت: ''چەندین جار داوامان کردووە کەلوپەلەکانی قەستەرە بۆ نەخۆشخانەکە دابینبکرێن، بەڵام بێ ئەنجامبووە، تەنانەت ئەو پسپۆڕانەی قەستەرەش کە دەوامیان دەکرد، بەهۆی نەبوونی ئامێری پێویستەوە، خۆیان گواستەوە''.
ئەمڕۆ تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە رووداوی گوت، نەبوونی پسپۆڕی قەستەرە و کەلوپەلی پێویست کێشەی سەرەکییە بۆ نەبوونی بەشێکی تایبەت بە قەستەرە لە دەڤەرەکە.
تەنانەت تەها محەممەد گوتیشی، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئێستا کەرتی تایبەت سەنتەرێکی دڵ و قەستەرە دروستدەکات کە دەکەوێتە نزیک نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییە تەواو نەکراوەکە.
بە گوتەی د. هێمن حوسێن، بە تەواوکردنی نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکە، كێشەی نەبوونی بەشی قەستەرە لە کەرتی حکومیی دەڤەری راپەڕین چارەسەردەبێت.
لە کۆتاییدا د. هێمن هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی جەڵتە وەکو 'هەناسەتەنگی، سینگێشە لەگەڵ ئارەقکردنەوە' سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات حاڵەتەکەیان دەستنیشانبکرێت.
لەبارەی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەییە تەواونەکراوەکەی رانیە، ئەم راپۆرتە ببینە؛
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ