رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراکی باسی قۆناخەکانی مانگرتن دەکات و دەڵێت: لە یەکێکیاندا کەسی مانگر وایلێدا کە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر جەستە بە درێژایی ژیانیان دەمێننەوە و لە دوای 45 رۆژیش دەشێت ببێتەهۆی گیانلەدەستدان.
د. سەلمان جاف، پسپۆڕی کلینیکی خۆراک دەڵێت: مانگرتن دوو جۆری سەرەکیی هەیە
یەکەمیان؛ مانگرتن لە خواردن و خواردنەوەیە کە کەسی مانگر واز لە خواردن و خواردنەوە (تەنانەت ئاویش) دەهێنێت، کە ئەمەیان مەترسیدارترە و زووتر کاریگەرییە تەندروستییەکانی دەردەکەون.
دووەمیان؛ مانگرتن تەنیا لە خواردنە کە کەسی مانگر واز لە خواردنی سەرچاوەکانی وزە دەهێنێت، تەنیا ئاو و شلەمەنی دەخواتەوە، دەکرێت لەم جۆرەدا کەسانی مانگر سوود لە چارەسەری پزیشکی، ئاو، چای تاڵ و قاوەی تاڵی سادە وەربگرن، ئەم جۆرەیان بەراورد بە جۆری یەکەم تاڕادەیەک مەترسیی کەمترە، بەڵام ئەمیش دوای چەند قۆناخێک بەردەوامبوون مەترسیی جیدی دروستدەکات.
بەپێی د. سەلمان جاف، گۆڕانکاریی جەستە لەکاتی مانگرتن لە خواردن لە دوای ئەم رۆژ و ماوانەی خوارەوە دەشێت ئەمانە بن؛
رۆژی یەکەم؛
جەستە دەستدەکات بە سووتاندنی شەکری خەزنکراوی جگەر، تا وەک سەرچاوەی وزە سوودی لێ ببینێت.
رۆژی دووەم تاوەکو رۆژی چواردەیەم؛
چەورییە خەزنکراوەکانی جەستە دەستدەکەن بە سووتان و وەکو سەرچاوەی وزە بەکاردەھێنرێن، پاش چەورییەکان ئیدی بابەتەکە سەختتر دەبێت و جەستە پەنا دەبات بۆ سووتاندنی پڕۆتین تا وەک سەرچاوەی وزە سوودی لێ ببینێت، پووکانەوە ماسوولکەکان دەستپێدەکات و مادە کانزاییەکانیش کەمدەبنەوە.
رۆژی چواردە تاوەکو رۆژی چلوپێنج
هەر لە هەفتەی دووەمەوە ئیدی مەترسییەکان چەند هێندە دەبن، جەستە دەکەوێتە دۆخێکی لە رادەبەدەر سەختەوە، هەندێک لە حاڵەتەکان رەنگە بە شکاندنی مانگرتنەکەش نەگەڕێتەوە باری ئاسایی و ئەم نیشانەنە دەردەکەون؛
- بێهێزبوونی ماسوولکەکانی دڵ و ناوپەنچک
- پەککەوتنی سیستمی بەرگریی جەستە
- ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی خوێن
- دروستبوونی کێشەی جیدیی کۆئەندامی دەمار و هۆش و بیر
- دابەزینی گوشاری خوێن و لێدانی دڵ
- دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە
دوای چل و پێنج رۆژ
- وەستانی دڵ
- پەککەوتنی جگەر و گورچیلەکان
- پەککەوتنی سیستمی دەمار و دەمارەخانەکانی مێشک و پەلەکان
- مردن، بە هۆی یەکێک یان زیاتر لەو حاڵەتانەی کە باسکران
- زۆر حاڵەتی نەخوازراوی دیکە کە پاش کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەش قەرەبوو ناکرێنەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ