رووداو دیجیتاڵ
یونیسێف دەڵێت، ئەمڕۆ کامپەینێکی ڤاکسینکردن دژی سوورێژە و ئیفلیجی منداڵان لە سووریا دەستپێدەکات و ئامانجیانە 800 هەزار منداڵ ڤاکسین بکەن.
سندووقی هاریکاریی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - یونیسێف لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی ڤاکسینکردن دژی سوورێژە و ئیفلیجی منداڵان لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستپێدەکەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان ڤاکسین دەکەن.
ڤاکسینکردنەکە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوپەیمانیی ڤاکسین (GAVI) و یونیسێفەوە پاڵپشتی دەکرێت، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە تەندروستییە نێوخۆییەکان لە سووریا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دوای نزیکەی دوو مانگ لە بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات دێت.
ئادێل خودر، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقای یونسێف لەو بارەیەوە گوتی، "پاراستنی بچووکترین و لاوازترین منداڵ لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانیان رزگاربێت. ئێمە بە ئەزموونی ساڵانێک دەزانین کە ڤاکسینەکان بە باشی کاردەکەن".
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە، بەهۆی 12 ساڵی شەڕی نێوخۆی سووریاوە 67 دامەزراوەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە یانیش بە تەواوی رووخاون. هەروەها، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 100 هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە ئاوارە بوون و لە کامپە قەرەباڵخەکاندا دەژین کە سیستەمی ئاو و پاکوخاوێنییان لە ئاستێکی ستاندارددا نییە.
لەو بارەوە ئەحمەد مەنداری، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست دەڵێت، "بوومەلەرزەکە ژیان و بژێوی زۆر کەسی پەکخستووە، بەڵام بە کارکردنمان لەسەر دیدگەی ناوچەییمان و ڤاکسینکردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵان، دەتوانین رێگری لە کارەسات بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ