خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بە دوو زانای بواری جێنەتیک و بۆماوەزانی دەبەخشرێت

07-10-2024
شکار رێبوار
نیشانەکردن خەڵاتی نۆبڵ
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

خەڵاتی نۆبڵ لە پزیشکی یان فیسیۆلۆژی راگەیێندرا و بەخشرا بە دۆزەرەوەی microRNA کە رۆڵی سەرەکی هەیە لە گۆڕینی جینەکان بۆ پڕۆتین و فەرمانە جیاوازەکانی جەستە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن پەیمانگەی کارۆلینسکا لە سوێد نۆبڵی پزیشكی درا بە 'ڤیکتۆر ئامبرۆس' و 'گاری رەڤکەن' کە دۆزەرەوەی پێکهاتەیەک بوون بە ناوی ناوکەترشی microRNA، بە گوتەی خۆیان: رۆڵی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردن، دروستکردن و گەشەکردنی پڕۆتینی خانەکان و چەندان فەرمانی دیکەی جەستە.
 
پڕۆفیسۆر ئامبرۆس، ساڵی 1952 لەدایکبووە و پسپۆڕی زانستە سرووشتییەکانە لە سکووڵی پزیشکیی زانکۆی ماساچوسێتسی ئەمریکی و پڕۆفیسۆر رەڤکەن، ساڵی 1953 لەدایکبووە و پسپۆڕی بواری جێنەتیک و بۆماوەزانییە لە سکووڵی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد.
 
ئەم دوو زانایە تەواوی پسپۆڕییەکەیان لەسەر ئەوە بەکارهێناوە کە چۆن خانەکانی جەستەمان هەریەکەیان و فەرمانێکی دیاریکراوی دەبێت، لەکاتێکدا کە خانەکان هەمان کڕۆمۆسۆم و هەمان جینیان تێدایە، بەڵام لە فەرماندا جیاوازن.
 
هەر بۆیە ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە پێکهاتەیەک هەیە بەناوی microRNA کە فەرمانی رێکخستنی جینەکانە بە دروستکردنی پڕۆتینی جیاواز بۆ پێدانی فەرمانێکی دیاریکراو بە خانەکە، جا ئەگەر بەشێکی بچووک لەو کردارە هەڵەیەکی تێبکەوێت، ئەوا ئیفلیجبوون، شێرپەنجە و پەککەوتنی خانەکانی بەدوادادێت.
 
ئۆلێ کامپێ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پزیشکیی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت: ''یەکەم microRNA لە لایەن ئەمبرۆسەوە لە ساڵی 1993 دۆزرایەوە کە حەوت ساڵ پشکنینی لەسەر کرمێک دەکرد''، دواتریش رەڤکەن توێژینەوەی زیاتری لەسەر کرد.
 
ئەو کەسانەی کە نۆبڵ بەدەستدەهێنن 1.1 ملیۆن دۆلاریش خەڵات دەکرێن، ساڵی رابردوو پڕۆفیسۆر کاتالینا کاریکۆ و د. درو وایسمان خەڵاتەکەیان بەدەستهێنا کە یەکەمین ڤاکسینی کۆڤید-19ـیان دۆزییەوە، ساڵی 2022 زانایەکی سوێدی بە ناوی سڤانت پابۆ، خەڵاتەکەی بەدەستهێنا کە لەبارەی بیردۆزی پەرەسەندی مرۆڤەوە بوو. 
 
پێشکێشکردنی خەڵاتی نۆبڵ ساڵانەیە و لە 7 تاوەکو 14ـی ئۆکتۆبەر بەردەوامدەبێت؛ داهێنەری سوێدی 'ئەلفرێد نۆبڵ' لە وەسیەتنامەکەیدا گوتبووی، ''ئەو کەسانەی گەورەترین سوودیان بە مرۆڤایەتی بەخشیوە خەڵاتبکرێن''؛ خەڵاتەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1901 دوای پێنج ساڵ لە کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ دابەشکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە