لە میسر مۆبایلێک دوای 6 ساڵ لە قوتدانی، لە گەدەی کەسێکدا دەرهێنرا

06-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لە رووداوێکی دەگمەندا لە میسر مۆبایلێک دوای شەش ساڵ مانەوەی لەنێو گەدەی کەسێکدا، دەرهێنرا و تیمی پزیشکانیش راستییەکی لەبارەوە ئاشکرادەکەن.
 
تیمێکی نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی هەناوی لە زانکۆی مەنسوورەی میسر مۆبایلێک لە گەدەی کەسێکدا دەردەهێنن و ستافێکی نەشتەرگەرییەکە دەڵێت، شەش ساڵە ئەو مۆبایلە لەنێو گەدەی کەسەکەدا بووە و بەم دواییانە تووشی خوێنبەربوون و ئازاری گەدە بووە، کە پشکنینیشی بۆ کراوە دەرکەوتووە، تەنێکی کانزایی لە گەدەیدایە.
 
د. ئەسما جەمیل، پسپۆڕی هەناوبینی کە یەکێکە لە تیمی نەشتەرگەرییەکە دەڵێت: نەشتەرگەرییەکە 40 خولەکی خایاندووە؛ تەنانەت پێشیان سەیرە کە چۆن باتریی مۆبایلەکە لەنێو گەدەیدا نەتەقیوەتەوە؟
 
د. ئەسما گوتی، نەخۆشەکە شەش ساڵە بەدەست هەوکردنی تووندی گەدەوە دەناڵینێت و بەهۆیەوە 30 کیلۆگرام کێشی کەمیکردووە.
 
بۆچی کەسێک کەلوپەلی ناخۆراکی قوتدەدات؟
 
بەپێی ناوەندی پزیشکیی کلیڤلاندی ئەمریکی، ئەو دۆخە پێی دەڵێن Pica  کە هۆکارەکەی نەخۆشیی دەروونییە و زۆرجاریش بە نهێنیی کێشەکەیان دەهێڵنەوە، چونکە هەست بە شەرم دەکەن، وەک ئەوەی لە نەخۆشەکەی میسردا روویدا کە 6 ساڵە ئەو مۆبایلە لە گەدەیدا ماوەتەوە.
 
ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، باوترین دۆخی لەو شێوەیە ئەوەیە کە تووشبووانی نەخۆشیی دەروونی قژ دەخوات و کاتێک دەبێتەهۆی گیران و برینداربوونی ریخۆڵەی، ئینجا دەردەکەوێت کە قژی خواردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە