د. سەباح هەورامی: تائێستا حکومەت رەزامەندیی نەداوە لەسەر کڕین و دابینکردنی دەرمانی 2025

06-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە رەزامەندی کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی دوادەکەوێت و ئەوە سێ مانگە هیچ رەزامەندییەک بۆ دابینکردنی ئەمساڵ نەدراوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-3-2025 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرای کرد، ''بەڕێوەبەرایەتییەکەمان قەرزاری هیچ کۆمپانیایەک نییە و دەرمانمان بەپێی ئەو هەژمارەی هەمانبووە کڕیوە، بەڵام نەختینە لە بانکەکاندا نییە و کۆمپانیاکان پارەیان بە نەختینە وەرنەگرتووە''.
 
لە ماوەکانی رابردوو رووداو راپۆرتی لەسەر وەستانی کارەکانی بانکی خوێنی سلێمانی کرد کە بەهۆی نەبوونی پێداویستییەوە کارەکانی بانکەکە وەستابوون و ژیانی ئەوانەی پێویستیان بە خوێنە کەوتبووە مەترسییەوە، بەڵام ئەمڕۆ رێکخراوێک بە بڕی یەک ملیار دینار دەرمان و پێداویستیی تاقیگەیی پێشکێش بە تەندروستیی سلێمانی کرد و د. سەباح هەورامی دەڵێت، زۆرینەی پێداویستییەکان بۆ بانکی خوێن کڕدراون.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی، نزیکەی 25 بۆ 30 ملیار دینار قەرزدارین، بەڵام د. سەباح هەورامی روونی دەکاتەوە، ''بەڕێوەبەرایەتییەکەمان قەرزاری هیچ کۆمپانیایەک نییە و دەرمانمان بەپێی ئەو هەژمارەی هەمانبووە کڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەختینە لە بانکەکاندا نەبووە، کۆمپانیاکان پارەکانیان لە بانک بە نەختینە وەرنەگرتووە و پەیوەندیی بە بانکەوە هەیە نەک تەندروستیی سلێمانی''.
 
لەبارەی جیاوازیی نرخی دەرمانەوە گوتی، تاوەکو سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ دەرمانخانە تایبەتیەکان دانەنرێت، جیاوازیی نرخیش چارەسەرنابێت، چونکە سیستمەکە رێگەنادات دەرمان بە نرخێکی جیاواز بفرۆشرێت و هیچ دەرمانێکی ساختەش نافرۆشرێت.
 
د. سەباح هەورامی ئاماژەی بە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا بۆ تاقیگە حکومییەکان و گوتی، ''گرێبەستەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام تێبینیمان هەیە لەسەری و نرخی پشکنینەکان زۆر گرانن و بودجەی تەندروستیی سلێمانی بەشی ئەو نرخانە ناکات، بۆیە ئێستا پێداچوونەوەی ورد لەسەر گرێبەستەکە دەکرێت و تائێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردن''.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە