رووداو - تەندروستی
خانمێکی 40 ساڵان توانی کێشی خۆی لە 100 کیلۆگرامەوە کەمبکاتەوە بۆ 58 کیلۆگرام و دەڵێت: ''بەهۆی قەڵەوییەوە بەئارەزووی خۆم جلوبەرگم لەبەر نەدەکرد، ئەوەش وایکرد کە خۆم لاوازبکەمەوە''.
ئۆلیسا رادچێنکۆ، خەڵکی سیبیریایە و لەماوەی سێ ساڵدا توانی ئەو ئامانجە بپێکێت کە پلانی بۆ دانابوو؛ ئەویش کەمکردنەوەی کێشی جەستەی بوو و دەڵێت، یەکەم هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی کێشی، پەیڕەوکردنی رێژیمی خۆراک و وەرزشی مامناوەند بوو.
ئۆلیسا دەڵێت: ''کێشم بەجۆرێک بوو کە نەمدەتوانی جلوبەرگی گونجاو هەڵبژێرم، هەر ئەوەش وەڕەسی کردم و وایلێکردم کێشم کەم بکەمەوە''.
بە گوتەی ئۆلیسا، رێژیمەکەی بە کەمکردنەوەی و دوورکەوتنەوە لە شەکر، خوێ، ئارد و سۆدە بووە.
ئەوەش باسدەکات، دەوروبەرەکەی وایانزانیەوە بە دەرمانی قەڵەوی کێشی کەمکردووەتەوە و پرسیاری بەکارهێنانی دەرمانەکەیان لێکردووە، ئەویش سەری سووڕماوە کە وادەڵێن و پێی گوتوون، هیچ زانیارییەکی لەسەر دەرمانەکە نییە.
لە کۆتاییدا ئەو خانمە سیبرییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە دەستکەوتێکی پڕ لە شانازییە بۆ خۆی، چونکە بەسەر ئارەزووەکانیدا زاڵبووە و توانیویەتی ئاڵنگارییەکی گەورە بباتەوە کە ئەویش کەمکردنەوەی کێش و خۆبەدوورگرتنە لە بەشێکی زۆری خۆراکە ناتەندروستەکانی رۆژانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ