رووداو - تەندروستی
کۆمەڵەیەکی ئەمریکی چەند رێگەیەکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی توانای زیرەکیی منداڵ پێشنیازدەکات؛ یەکێکیان فێربوونی زمانی دیکەیە.
هەرچەندە هەموو کاتێک راهێنان و رێگەکانی بەهێزکردنی توانای زیرەکیی منداڵ بۆ ژیانی رۆژانە گرنگە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی کردنەوەی دەرگەی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن ئەم بابەتانە زیاتر جێی بایەخ دەبن.
کۆمەڵەی دەرووندروستی لە ئەمریکا دەڵێت: بوونی خشتەیەکی رێکی خەوتنی رۆژانە بەپێی تەمەن و کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی هۆکارن بۆ زیادبوونی توانای زیرەکیی منداڵان.
هاوکات ئەوەش باسدەکات کە خوێندنەوە و بایەخدان بە فێربوونی زمانی دیکە وادەکات باشتر منداڵان بیربکەنەوە و هەڵسەنگاندنی باشتر بۆ بابەتەکانی فێربوون بکەن.
کۆمەڵەی دەرووندروستی لە ئەمریکا باسی خۆراک دەکات و رایدەگەیێنێت، منداڵان بەتایبەت ئەوانەی خوار 10 ساڵانن بایەخ بە خواردنی خۆراکی تەندروست و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3 بدەن.
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی، ئەم خۆراکانەی خوارەوە دەوڵەمەندن بە چەوریی ئۆمێگا 3؛
- گوێز
- ماسی
- لۆبیا
- رۆنی قەوزە
- کاڤیار
- تۆوی چیا
- پاقلەی سۆیا
- سپێناخ
جگە لەمانە ئەکادیمیای ئەمریکیی پسپۆڕانی منداڵان ئاشکرای دەکات، گرنگیدان بە وەرزشە جیاوازەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی هاوڕێیەتی لە تەمەنی زوو هاوکاری منداڵان دەکەن لەوەی کە توانای زیرەکییان باشتربێت و کەسانی بەتوانایان لێدەربچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ