لە سلێمانی لە ماوەی سێ ساڵدا 32٪ تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات زیادیکردووە

05-02-2025
شکار رێبوار
بەساڵاچوویەک لەسەر عەرەبانەکەی بەدەست کوڕەکەوەیەتی و تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە. وێنە: رووداو
بەساڵاچوویەک لەسەر عەرەبانەکەی بەدەست کوڕەکەوەیەتی و تووشی شێرپەنجەی پڕۆستات بووە. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی

شێرپەنجەی پڕۆستات یەکێکە لە باوترین شێرپەنجەکانی نێو پیاوان، بەپێی ئامارەکان، لە سلێمانی لە ساڵی 2022ـەوە 32٪ رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیادیکردووە.
 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی تووشبووانی شێرپەنجەی پڕۆستات، گرانی و کەمیی نرخی دەرمانەکانیەتی، کوڕی یەکێک لە تووشبووەکان قسەی بۆ رووداو کردووە و دەڵێت: 10 ساڵە هاتووچۆی نەخۆشخانەی هیوا دەکات و بەهۆی نەبوونی دەرمانەکانەوە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکە مانگانە بڕی 400 دۆلار خەرجدەەکات بۆ کڕینی دەرمانەکان.
 
تەنیا لە مانگی یەکەمی ئەمساڵ 17 تووشبووی شێرپەنجەی پرۆستات لەنەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، ساڵی رابردووش 166 تووشبوو تۆمارکراون.
 
پسپۆڕێک هۆشداری دەدات لەوەی کە زۆرینەی تووشبووان لە قۆناخی پێشکەوتوودا هەست بە نیشانەکان دەکەن و پێویستە پیاوان پشکنینی پێشوەختە بکەن، بەڵام دەڵێت: ئێستا پشکنینەکە راگیراوە.
 
د. سارا جەمیل، لێپرسراوی هۆبەی توێژینەوەی زانستیی نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت: ''تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستا پشکنینی پێشوەختەمان بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات دەکرد، کە دەبووە هۆی ئەوەی لەقۆناخی سەرەتا تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستات دەستنیشان بکەین، بەڵام بەهۆی نەمانی دەرمانی پێویست بۆ پشکنینەکان راگیرا، بەڵام هاونیشتمانییان دەتوانن لەدەرەوە بە تێچووی کەم خۆیان پشکنینەکە بکەن''.
 
لەتەمەنی سەروو 45 ساڵییەوە پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی پڕۆستات پێویستە بەتایبەت بۆ ئەوانەی لە خێزانەکانیان تووشبووی شێرپەنجەکە هەیە.
 
د. سوورا یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی تۆمارکردنی شێرپەنجە لە ئەنجوومەنی شێرپەنجەی عێراق تایبەت بە رووداو دەڵێت: ''شێرپەنجەی بڵاو لەناو پیاواندا شێرپەنجەی سییەکانە، دواتر پڕۆستات پاشان شێرپەنجەی کۆڵۆنە''.
 
بەگوتەی د. سوورا ئەمانەی خوارەوە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن؛ 
 
- شێواژی ژیانی ناتەندروست
- کەمیی جووڵە
- قەڵەوی
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپێکێشان
- خواردنەوە کحولییەکان
- بۆماوەی
 
ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە باشووری کوردستان لە ساڵانی 2023 و 2024
 
هەولێر
 
لە ساڵی 2023دا 5456 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 4983 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
سلێمانی
 
لە ساڵی 2023دا 2796 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 3310 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
دهۆک
 
لە ساڵی 2023دا 1250 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1303 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 
کەرکووک
 
لە ساڵی 2023دا 1116تووشبووی نوێ تۆمارکراون
لە ساڵی 2024دا 1276 تووشبووی نوێ تۆمارکراون
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گردبوونەوەی ئەمڕۆی پزیشکان دانەمەزراو.

بۆ جاری دووەم پزیشکانی گشتیی دانەمەزراو لە هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە

ئەمڕۆ پزیشکان گشتیی دانەمەزراو لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی گردبوونەوە و پەیامیان ئەوەیە، بە زووترین کات دابمەزرێن، چونکە ''پلەبەندیی هەموویان و ئەوانەی پێش خۆشیان تێکچووە و نائومێدن لە داهاتوویان''.