رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی دەڵێت، ناچارن چاوپۆشی لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەرمانە قاچاخانە بکەن کە جێگرەوەیان نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەرمانی قاچاخ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نزیکەی 80٪ کەمیکردووە.
رۆژی شەممە، 04-05-2024، دکتۆر ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند: ''ئێستا لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەرمانی قاچاخ هەیە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو، 80٪ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کەمبووەتەوە".
دکتۆر ئیدریس ئەحمەد گوتی، نەبوونی جێگرەوەی هەندێک دەرمان، دەبێتە هۆی بە قاچاخ هێنانیان بۆ هەرێمی کوردستان: ''زۆرجار دەزانین کە هەندێک دەرمان قاچاخن و دەبێ لە رووی یاساییەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی جێگرەوەیان، ناچارین چاوپۆشی بکەین، لەوانەش دەرمانی شێرپەنجە".
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ''دەرمانێک ستیکەری هەبێت و لە هەرێمی کوردستان دەستبکەوێت، رێگە بە فرۆشی هیچ دەرمانێکی قاچاخی لەو جۆرە نادرێت".
دکتۆر ئیدریس ئەحمەد گوتی: ''بۆ هێنانی هیچ دەرمانێکی قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان ئاسانکاری ناکرێت. پێم وایە کواڵیتی کۆنترۆڵ ساڵی داهاتوو دەتوانێت قاچاخی دەرمان کۆنترۆڵ بکات''.
قسەکانی دکتۆر ئیدریس لەکاتێکدایە، دوێنێ دکتۆر یاد حەمید، پزیشکی دەرمانساز لە لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە رووداوی گوت: ''تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ''دەرمانی قاچاخ'' کۆنتڕۆڵنەکراوە''.
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ئەو دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت و بەرامبەر فرۆشیارانیان رێکاری یاسایی تووند دەگیرێتەبەر.
هەندێک لە هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان بۆ نەخۆشیی جۆراوجۆر پەنا بۆ گیادەرمانییەکان دەبەن. دکتۆر ئیدریس ئەحمەد دەڵیت، ''گیادەرمانییەکان هەموو نەخۆشییەک چارەسەر ناکەن. بەشێکیان باشن، بەڵام گەرەنتییان نییە".
ئەو ئەندامەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت ئەوەشی خستەڕوو، ئەو گیادەرمانییانەی بە ناوی سرووشتی بۆ قەڵەوکردن و لاوازکردنی روخسار و جەستە دەخرێنەڕوو، سرووشتی نین و مادەی کیمیاییان لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت و زۆر جار سەرچاوەکانیشیان دیار نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ