لەمەودوای لە عێراق پشکنینی مادەی هۆشبەر بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکان دەکرێت

04-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، لەمەودوا بە کتوپڕی بۆ پشکنینی مادەی هۆشبەر و دۆزینەوەی بەکارهێنەران، دەچنە نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی خوێندن.
 
حوسێن تەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەکو یەکەم هەنگاو، ساڵی رابردوو وەزیری ناوخۆ بڕیاری دا کە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێندرێت بۆ پشکنینی مادەی هۆشبەر بە کتوپڕی.
 
بەگوتەی تەمیمی ئێستا لیژنەیەکی دیکە پێکهێنراوە و دەستبەکاربوون، کە بەشێوەی کتوپڕ دەچنە قوتابخانە، زانکۆ، نەخۆشخانە و دامەزراوە حکومییەکان و پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بۆ کارمەندانی تەندروستی، مامۆستا و قوتابییان دەکەن.
 
ئەم بڕیارە بەجۆرێکە کە هەموو نەخۆشخانە و کارمەندە تەندروستییەکانیش لەمەودوا پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان بۆ دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر کەسێک بەکارهێنەر بێت رێوشوێنی دیاریکراوی لەسەر دەگیرێتە بەر.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو یەکی ئەم مانگە، زیاتر لە یەک تۆن و 750 کیلۆگرام لە سەرجەم جۆرەکانی مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە و، نزیکەی 2000 هەزار تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی کردن بەو مادانە دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی سەرچاوە جیهانییە تەندروستییەکان مەترسییە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی کۆکاین کە مادەیەکی هۆشبەری باوە ئەمانەن؛
 
* کورتخایەنەکان 
 
شڵەژان 
سەرئێشە  و سکئێشە 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە 
ناڕێکیی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن 
جەڵتەی دڵ 
سەرسووڕان 
لەهۆشخۆچوون 
 
* درێژخایەن 
مەیینی خوێن 
ئاوسانی شاخوێنبەر 
تووشبوون بە بەرزە پەستانی خوێن 
هەناسەتەنگی 
کەمبوونەوەی ئۆکسجین بۆ مێشک 
زیادبوونی هەوکردن 
پەککەوتنی گورچیلەکان 
لەدەستدانی بۆنکردن 
خوێنبەربوون 
ناڕێکی لە کۆئەندامی هەرس 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هودا سەرهەنگ - پەیام سەربەست مۆمەکەی بەدەستەوەیە.

مۆمێک دووکەڵەکەی تەندروستە و ئەگەریش بیخۆیت ئاساییە

لە پێشانگەی گەشتیاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر لە بەشێکدا جۆرە مۆمێکی تەندروست نمایشکرا کە چەند تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە؛ داهێنەری ئەو مۆمانە دەڵێت: مادەی زیانبەخشی پارافینیان تێدا نییە.