رووداو - تەندروستی
سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ''رێکلام بۆ هەرزانیی نرخی دەرمان سەرپێچییە و هەر دەرمانخانەیەک بیکات، سزادەدرێت و رێکاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتە بەر''.
لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەریدەخات، چەند دەرمانخانەیەک رێکلامیان لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکان کردووە بەجۆرێک کە باسی هەرزانیی نرخی دەرمانەکان دەکەن، سەندیکاکە ئەمە بە سەرپێچی دادەنێت و دەڵێت: ''هەموو جۆرە رێکلامێک بۆ دەرمان قەدەخەیە''.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-3-2025 دکتۆر محەممەد عەلائەدین، ئەندامی لیژنەی چاودێریی بازاڕ و نرخدانان بە رووداوی راگەیاند، لەڕێگەی لیژنەکانیانەوە ئەو دەرمانخانە و شوێنانە دادەخەن کە ئەو جۆرە رێکلامانە دەکەن.
دکتۆر محەممەد عەلائەدین دەڵێت: جاری یەکەم سەرپێچیکار ئاگاداردەکرێتەوە و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی، پێبژاردن دەکرێت یاخود شوێنەکە دادەخرێت، هاوکات ئەوەشی گوت کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ رێکلامەکان لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکان لادەبرێن.
لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان روونی دەکاتەوە، بەشێک لە دەرمانخانەکان بەردەوامن لە رێکلامکردن بۆ هەرزانیی نرخیان و بە یەکێک لە سەرپێچییەکانی وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای دەرمانسازانی کوردستانیان داناوە.
بەپێی لقی هەولێری سەندیکای دەمانسازان؛
- رێکلامکردن بۆ هەرزانیی نرخی دەرمان وا لە هاونیشتمانییان دەکات بەکاریبهێنن.
- نابێت بەهیچ شێوەیەک رێکلام بۆ دەرمان بکرێت.
- رێکلامکردن بۆ هەرزانیی دەرمان دوور لە بنەماکانی دەرمانسازییە.
- رێکلامکردن بۆ هەرزانیی دەرمان سەرپێچییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ