لە دهۆک لە 10 ساڵدا زیاتر لە 11 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون

04-02-2025
شکار رێبوار
دڵدار هەرکی - د. چەکدار ئەحمەد.
دڵدار هەرکی - د. چەکدار ئەحمەد.
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەرپرسی بەشی شێرپەنجە لە دهۆک ئاشکرای دەکات، ''ئێستا گەنجان زیاتر تووشی شێرپەنجە دەبن و تەمەنی تووشبوون کەمبووتەوە''.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 04-02-2025 د. چەکدار ئەحمەد، بەرپرسی بەشی شێرپەنجە لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شێرپەنجە لە کەسانی سەروو 50 ساڵان بڵاوبوو، بەڵام ئێستا لەنێو گەنجاندا زیادبووە.
 
د. چەکدار ئاشکرای دەکات، 'خۆراکی ناتەندروست و لەقوتوونراو، پیسبوونی ژینگە، جگەرە و نێرگەلەکێشان، بەکارهێنانی دەرزیی هۆرمۆنەکان، قەڵەوی و خواردنەوەی کحول' ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاددەکەن.
 
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باسدەکات کە لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 11 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە پارێزگاکە تۆمارکراون کە زۆرترینیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی دهۆک، لەکۆی هەزار و 303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە، 291ـیان تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بوون و 90ـیان تووشبووی شێرپەنجەی خوێن بوون.
 
بەدواداچوونەکانی رووداو ئاشکرای دەکەن، لە دهۆک ساڵی 2024، هەزار و 303 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون لەکاتێکدا لە ساڵی 2023، هەزار و 250 تووشبوو تۆمارکرابوون، ئەمەش واتە لە دهۆک رێژەی تووشبووانی نوێ لە ساڵێکدا 4.2٪ بەرزبووەتەوە.
 
ئەنجوومەنی شێرپەنجە لە عێراق ئاشکرای دەکات، لە دهۆک ساڵی 2022، 195 تووشبووی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی 2023 ژمارەکە بۆ 253 کەس بەرزبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە