تەندروستی
ڤانێسا کێری، نێردەی تایبەتی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، کێشەی کەشوهەوا کێشەیەکی تەندروستیشە، چونکە 3.3 ملیۆن کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە لە مەترسیدان.
ڤانێسا کێری کە یەکەمین کەسە دەبێتە نێردەی تایبەتی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، رۆژی یەکشەممە لە کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی قسەی کرد.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، رووداوەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لە ساڵی 2023 کە بە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا دادەنرێت، "راستییەکی تاڵ"ی هێناوەتە بەرچاو.
ڤانێسا کێری ئاماژەی بەوە کرد، "پلەی گەرما لە ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە. قۆچی ئەفریقا لافاوی وێرانکەری بەخۆیەوە بینیوە، لافاو لە لیبیا بووە هۆی سڕینەوەی 20 هەزار دانیشتووی شارێک بۆ نێو دەریا."
خانمە بەپرسەکە دەڵێت، "هەموو رووداوێکی کەشوهەوا، وێرانکاری، مەرگ و چیرۆکێکی درێژی کێشەی تەندروستی لەدوای خۆی جێهێشتووە. بۆیە کاتی ئەوەیە بەرهەڵستیی سەرکردەکانمان ببینەوە؛ هەروەها بەرهەڵستیی دۆخەکە ببینەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەر یەکێکمان بڕیاری بەهێز و یەکلاکەرەوە بدەین."
بە گوتەی ڤانێسا کێری، "ئێستا نزیکەی 3.3 ملیۆن کەس لە جیهانەکەمان، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە مەترسیی گەورەدان."
بە خەمڵاندنی رێکخراوی تەندروستیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر چوار کەس کە لە جیهاندا دەمرن، یەکێکیان هۆکاری ژینگەی لەپشتەوەیە، کە دەکرێت رێگریی لێ بکرێت، بەڵام "گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە ئەم مەترسییانە زیاد دەکات."
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ساڵانە 8 ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەمرن.
ڤانێسا کێری باسی لەوە کرد کە لە هەر چوار چرکەدا، کەسێک بەهۆی کێشەی ژینگەییەوە دەمرێت کە دەکرێت رێگری لەو کێشانە بکرێت.
خانمە پسپۆڕەکە گوتی، "تاوەکو ئەم رستەیەم تەواو دەکەم، کەسێکی دیکە دەمرێت و 61%ی ئەم مردنانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە سووتەمەنیی نەریتییەوە هەیە. هەروەها لە دەیەی داهاتووەوە، مردنی زیاتر دەبینین لە کاتێکدا دەکرێت رێگریی لێ بکرێت؛ هەروەها ئەگەری نەخۆشکەوتن بۆ ملیۆنان کەس زیاتر دەبێت، ئەوەش لە ئەنجامی زیادبوونی نەخۆشییە نەگوێزراوەکان، نەخۆشییە گوێزراوەکان، کێشەی دووگیانی و منداڵان و کێشەی دەروونی."
خانمە بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پاکستانی بە نموونە هێنایەوە کە لە هەندێ ناوچە توانیبووی پەتای مەلاریا بە تەواوی بنبڕ بکات، بەڵام لەدوای لافاوەکانی ساڵی 2022، نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو تەشەنەی کرد و ملیۆنێک و 600 هەزار کەسی گرتەوە.
ڤانێسا کێری گوتی، "کاریگەرییە تەندروستییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژێوی ژیان لەنێودەبات و هەڕەشە لە ئاسایشی تاک و کۆمەڵگە دەکات. پێویستە ئەوەمان قبووڵ بێت کە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە جگە لە لەکۆڵکردنەوەی سووتەمەنییە نەریتییەکان. کەمکردنەوە و نەهێشتنی دەردانی گازە گەرمکەرەکان چیدیکە بژاردە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ