بۆ دووربوون لە جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ ئەم خۆراکانە بخۆ

03-12-2020
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
نیشانەکردن خۆراکی تەندروست، جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ
A+ A-

رووداو- دیجیتاڵ

خۆراکی تەندروست بایەخێکی زۆری هەیە لە تەندروستهێشتنەوەی جەستە و کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوونمان بە چەندین نەخۆشیی، توێژینەوەیەکی نوێش دەریخستووە ئەو خۆراکانەی بە ماددەی دژەئۆکسێن و ڤیتامینەکان دەوڵەمەندن ئەگەری تووشبوونمان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمتردەکەنەوە.


توێژینەوەکە لە جۆرناڵی (American college of Cardiology) بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ئەو خۆراکانە ئاشکرا کراون کە بۆ تەندروستهێشتنەوەی دڵ و مێشک رۆڵیان هەیە.

توێژینەوەکە لەسەر 166 هەزار خانم و 44 هەزار پیاو لە تەمەنی 24-30 ساڵ ئەنجامدراوە، پزیشکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوانەی خۆراکی ناتەندروست و سوورەوەکراو دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی مێشک ٪28 و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ٪48 زیاددەکات.

د. جۆن لی، پسپۆڕی زانستی خۆراک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد دەڵێت، بۆمان دەرکەوتووە گۆشتی سوور، گۆشتی دەستکاریکراو، شیرینییەکان، خواردنەوە گازییەکان، برنج و نان و هاوشێوەکانی هەوکردن لە جەستەدا دروستدەکەن و مەترسیی تووشبوونمان بە جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ زۆر زیاددەکەن.

پسپۆڕەکەی خۆراک لە بەرامبەردا ئەو خۆراکانە دەخاتەڕوو کە مەترسییەکە کەمدەکەنەوە وەک، میوە، سەوزە، دانەوێڵە توێکڵدارەکان، چا و قاوە، ئەوانە ماددەی دژە ئۆکسێن و دژە هەوکردنیان تێدایە بۆ جەستە زۆر بەسوودن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە