پسپۆڕێک: بەشێکی ئەوانەی دێنە فریاکەوتن، بەهۆی پیسبوونی هەواوە تووشی هەناسەتەنگیی درێژخایەن بوون

03-09-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی پزیشکیی فریاکەوتن لە هەولێر لە بارەی پیسبوونی هەواوە رایدەگەیێنێت، گەنجان و بەساڵاچووان زۆرترین ئەوانەن کە کاریگەربوون بە پیسبوونی هەواوە و هاتوونەتە فریاکەوتنەکان، تەنانەت ئاشکراشی دەکات، بەشێکیان دووچاری هەناسەتەنگیی بەردەوام بوون.
 
د. دڵشاد محەممەد ئەلشێخ، راوێژکار و پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئێستا لە بەشەکەیان تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، هەوکردنی سییەکان و هەناسەتەنگیی بەردەوام لەنێو کەسانی گەنج زیادبووە کە هۆکارێکی دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی کوالێتیی هەوا.
 
د. دڵشاد محەممەد ئەلشێخ، راوێژکار و پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن دەڵێت: رۆژانە بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشانەی دێنە فریاکەوتنەکان تووشبووی کۆکەی بێ هۆکارن کە ئەم هاوینە زۆرترینیان ئەوانەبوون کە بۆرییەکانی هەناسەدانیان تەسکبووبووەوە.
 
هاوکات دەشڵێت: زۆریی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی هەناسەدان دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی پیسبوونی هەوا و گەرمبوونی بەرگەهەوا، ئەویش بەهۆی موەلیدە، ئۆتۆمبێل، چالاکیی پیشەسازی و بەکارهێنانی مادە پیسکەرەکانی نێوماڵ.
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی فریاکەوتن، بۆ خۆپاراستن لە پیسبوونی هەوا، پێویستە هاونیشتمانییان چالاکییەکانی دەرەوەیان سنوورداربکەن بەتایبەت لەو کاتانەی کوالێتیی هەوا خراپە کە پێویستە دەمامک ببەستن و پەنجەرەکان دابخەن یاخود دەشکرێت ئامێری پاککەرەوەی هەوا لە ماڵدا دابنێن.
 
لە کۆتاییدا ئەم خاڵانەی خوارەوە پێشنیازدەکات؛
 
1- وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ دەزگاکانی ژینگە هاوئاهەنگ بێت بۆ چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا و هەڵمەتی تەندروستیی گشتی رابگەیێنێت.
2- سەپاندنی یاسای تووندتر بۆ ئۆتۆمبێل و ناوچە پیشەسازییەکان.
3- بایەخدان بە سەوزکردنی شارەکان.
4- بایەخدان بە بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی.
5- سەپاندنی یاسای ژینگەیی تووند بۆ پاڵاوگە نەوتییەکان.
6- دانانی ئامێر و تەکنۆلۆژیای تایبەتمەند بە پیسبوونی هەوا.
7- تۆمارکردنی بەردەوامی گازەکان بۆ دڵنیابوون بە ستانداردە جیهانییە ژینگەییەکان.
 
لە راپۆرتێکدا هاتووە کە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، دانیشتووان رووبەڕووی ململانێی پیسبوونی ژینگە و هەوا بوونەتەوە. لەکاتێکدا کە موەلیدە ئەهلییەکان و ئۆتۆمبێلەکان سووتەمەنییەکی زۆر و کوالێتیی نزم دەسووتێنن، هەناسەی دانیشتووانی شارەکە ژەهراوی بووە. لە وەرزی هاویندایش دووکەڵێکی رەش ئاسمانی شارەکە دادەپۆشێت. {لێرەوە راپۆرتەکە ببینە}.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە