رووداو - تەندروستی
کۆنگرێسمانێکی ویلایەتی کارۆلینای باشوور تایبەت بە رووداو قسەی کردووە و لەبارەی ئیدارەی ترەمپەوە دەڵێت: هەوڵدەدات بیمەی تەندروستی هەڵبوەشێنێتەوە، کۆنگرێسوومەنێکیش قسەی کردووە و دەڵێت: ''کۆمارییەکان ئامادەنین پشتگیری بیمەی تەندروستی بکەن''.
دیموکراتەکان پشتگیری لە سیستمێکی تەندروستی دەکەن کە تیایدا حکومەت باڵادەستبێت، بە ئامانجی فراوانکردنی بەرنامەکانی خزماتگوزاری بۆ هاوڵاتییان بە نرخی گونجاو و دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، بەڵام کۆمارییەکان لایەنگری ئەوەن چاودێریی تەندروستی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەبچێت و دووربێت لەدەستتێوەردانی حکومی، بەم جۆرە لە بازاردا کێبرکێ دروستدەبێت و نرخی دەرمان و خزمەتگوزاریی هەرزاندەبێت، و خەڵک هەلبژاردەی جیاوازیان دەبێت.
''ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات بیمەی تەندروستی هەڵبوەشێنێتەوە''
جێمس کلەبۆن، کۆنگرێسمان لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور دەڵێت: ''ئێمە بینیمان لە سەردەمی یەکەم ئیدارەی ترامپ، ئەوان پێنج بۆ شەش جار هەوڵیاندا یاسای چاودێریی تەندروستیی گونجاو هەڵبووەشێننەوە. بە درێژایی مێژووی کۆماریەکان زۆر بە روون و ئاشکرا دژی بەرنامەی پاڵپشتیی خوراکن بۆ خەڵکی کەم دەرامەت، پێیان باشترە خەڵک برسیببن، لەوەی بتوانن خوراک هەبێت بۆ منداڵەکانیان. ئەوان چەندین جار رایانگەیاندووە کە دژی بیمەی تەندروستین''.
کلەبۆن ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم جۆرە بەرنامانە لەنێو سیستمی حکومیدا دروستکراون بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی خەڵک. بۆ ئەوەی ژن و پیاوی کەمدەرامەت توانای بەردەووامبوونیان هەبێت لە کارکردن، بەرهەمهێنان و باجدان تاوەکو بتوانن خێزانەکانیان بەخێوبکەن.
بەگوتەی کڵەبۆن، کۆمارییەکان بەلایانەوە گرنگ نییە خەڵکی ئاسایی بێبەش بن. ئەوان نیازی جێبەجێکردنی پلانێکی گەورەی کەمکردنەوەی باجیان هەیە. هەروەها تایبەت بە رووداو دەڵێت: ''باشتر دەبوو هەلی کار بۆ خەڵک دابینبکرێت و بێکاری کەم بکرێتەوە، بە باوەڕی من دەرکردنی خەڵک لەسەر کار، پێچەوانەی ئەو بیروباوەرانەیە کە وەڵاتەکەمان لەسەری دامەزراوە''.
''ئێمە بەرگریی لە چاودێریی تەندروستی دەکەین، بەڵام ترەمپ نا''
نۆرما تۆرس، کۆنگرێسوومەن لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا تایبەت بە رووداو دەڵێت: ئێمە بەرگری لە پلانی چاودێریی تەندروستیی ئێستا دەکەین، ئەم هەفتەیە ئیدارەی ترەمپ بە نیازن دژ بە بیمەی تەدروستی هەنگاوبنێن، دیموکراتەکان هەوڵدەدەن رایانبگرن، بەڵام ئەمە مەحاڵە بەتەنیا بکرێت، ئێمە پێویستمان بە سێ کۆنگرێسمانی کۆماریی ئازا هەیە بۆ ئەوەی دژی ئەم بڕیارە بوەستنەوە کە هەموو شتێک لە وڵاتەکەمان وێران دەکات.
هەروەها گوتی، ''چاودێریی تەندروستی زۆر گرنگە بەتایبەتی ئێستا کە دەبێت رووبەروی ئەنفلۆنزای باڵندە ببینەوە، بەڵام تا ئیستا کۆمارییەکان ئامادەنین پشتگیری ئەمە بکەن''.
تۆرس ئاماژە بەوەشدەکات، کۆمارییەکان هیچ پلانێکیان نییە و پێی وایە ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دا زۆر روون بوو لەوەی ئەو تەنیا پلانی هەیە بەبێ جێبەجێکردن و جەختی لەوە کردەوە کە ''ئەوان {کۆمارییەکان} هیچ پلانێکیان نییە''.
مێژووی بڕیارێکی بیمەی تەندروستی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا
لە ساڵی 2010 کۆنگرێس لە ژێر کونتڕۆڵی دیموکراتەکان بوو و باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا توانی یاسایەک لە کۆنگرێس دەربازبکات بە ناوی 'ئۆباماکێر'. سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ دیموکراتەکان. کۆمارییەکان بە هەموو شێوەیەک دژی ئەم سیستمە بوون، سەرۆک ترەمپ لە ئیدارەی پێشوو هەوڵێکی زۆریدا ئۆباماکێر هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو کات تەنیا پێویستی بە دەنگی سیناتۆری کۆچکردوو 'جۆن مەکین' بوو بۆ ئەوەی یاساکە لە ئەنجوومەنی پیران پەسندبکرێت، بەڵام 'مەکین' دژی ویستی ترەمپ دەنگی دا و ئۆباماکێر بە زیندوویی ماوە.
ئیدارەی نوێی ترەپ پلانی هەیە جارێکی دیکە هەوڵبدات ئۆباماکێر هەڵبوەشێنێت. ئێستا کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران دەکەن و پێدەچێت چانسی ترەمپ ئەم جارە زیاتربێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ