هۆبەی چاودێریی تەندروستیی کەلار: دوو تووشبووەکەی کۆلێرا نێردراونەتەوە ماڵەوە

02-09-2024
شکار رێبوار
دوو ئامبوولانسی تەندروستیی کەلار. وێنە: رووداو
دوو ئامبوولانسی تەندروستیی کەلار. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

دوای ئەوەی تەندروستیی گەرمیان دوو تووشبووی نەخۆشیی کۆلێرای لە سنوورەکە راگەیاند، لێپرسراوی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەلار بە رووداوی گوت، هەردووکیان دۆخی تەندروستییان جێگیرە و نێردراونەتەوە ماڵەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئەیلوولی 2024 تۆفیق محەممەد، لێپرسراوی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەلار بە رووداوی راگەیاند، هەردوو تووشبووەکە لە تاقیگەی ناوەندیی سلێمانی پشتڕاستکراونەتەوە کە تووشی کۆلێرا بوون و هەردووکیشیان خانمن.
 
تۆفیق محەممەد دەڵێت: ''ئێستا دۆخی تەندروستییان جێگیرە و هەردووکیان چوونەتەوە ماڵەوە، بەڵام نموونەی ئاو لە گەڕەکەکانیان وەردەگیرێت و دەپشکێندرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیان''.
 
دوێنێ یەکشەممە تەندروستیی گەرمیان داوای لە هاونیشتمانییان کرد، "رێکارەکانی خۆپارێزی بە باشی جێبەجێبکەن، لەوانە: راگرتنی پاکوخاوێنیی کەسی، دڵنیابوونەوە لە پاکیی سەرچاوەی ئاو، ئاگاداربوون لە خواردنی سەوزە و میوە و باش شۆردنەوەیان پێش خواردنیان، خۆدوورگرتن لە خواردنی دەرەوە و سەردانەپۆشراو."
 
تەندروستیی گەرمیان گوتیشی، تیمەکانیان بەردەوام لە ئەرکدا دەبن و پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاو و شوێنکار و خواردنگە و جێگە گومانلێکراوەکان دەکەن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە