لە دهۆک ڤایرۆسێکی مەترسیدار لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە

02-03-2025
شکار رێبوار
نێو نەخۆشخانەی منداڵانی دهۆک. وێنە: رووداو
نێو نەخۆشخانەی منداڵانی دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە دهۆک ڤایرۆسێک لەنێو منداڵان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان پڕ بووە لە نەخۆش، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: منداڵی خوار دوو ساڵ مەترسیی لەسەر ژیانیان زۆرە.
 
د. نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤیی منداڵان لە دهۆک بە رووداوی گوت، بەشێک لە منداڵەکان لەژێر ئۆکسجیندان و تووشبووی ڤایرۆسی RSVـین کە وەرزییە و تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی دیاریکراوی نییە.
 
د. نزار بەکر دەڵێت: ''باشترین رێگەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە ئەوەیە کە دایکان شیری خۆیان بدەن بە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی بەرگریی جەستەیان بەهێزبێت و ڤایرۆسە وەرزییەکان کاریان تێنەکات''.
 
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکە، تەنیا مانگی رابردوو 15 هەزار نەخۆش تۆمارکراون کە 80٪ـیان تووشبووی ڤایرۆسی RSV بوون کە لەو رێژەیەش زیاتر لە 100 نەخۆشیان خەوێندراون.

ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''.
 
بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
 
نیشانەکانی تووشبوون بە RSV
 
سەرەتا بریتین لە 'کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێکجار دەبێتەهۆی هەناسە تەنگی و سیخەی سنگ، وە سێ بۆ حەوت رۆژ دەخایێنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
 
ڤایرۆسەکە زیاتر مەترسی لەسەر کێ دروستدەکات؟
 
*منداڵی تەمەن زۆر بچووک
* منداڵی ناکام
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی سینگ
* ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
 
نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی کۆکین، پژمین و دەستلێدان لەو شوێنانەی کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە