رووداو - تەندروستی
باس باسی ئەندامێکی جەستەیە کە پێی دەڵێن، رژێنی پەریزادە ''رژێنی دەرەقی'' کە خانمێکی 32 ساڵان کێشەی لە رژێنی دەرەقی هەبووە، هەرچەندە نیشانەشی هەبووە بەڵام پێی گوتراوە کە باری دەروونیی تەواو نییە و بەو هۆیەوە چارەسەرەکانی دواکەوتوون؛ چووەتە لای پزیشک ئینجا دەرکەوتووە کە کێشەی غودەی هەیە.
میوانەکە د. دڵشاد چۆمانی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، گرێ و رژێنی دەرەقییە و دەڵێت، ئەو نەخۆشە دوای دانانی بەرنامەیەکی چڕی دەرمان، نیشانەکانی باشتربوونەوە و کێشەی غودەی کۆنتڕۆڵکرا، هەر بۆیە رێنوێنیی خەڵک دەکات کە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەی وەکو 'تووڕەبوون، شڵەژان، کەمبوونەوەی کێش بەبێ هۆکار، سکچوون و خێرا لێدانی دڵ' پزیشکی پسپۆڕ ببینن.
ئەو پسپۆڕە وەکو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەش کاری کردووە و دەڵێت: ''کاری ئیداری زەحمەتترە لە کاری پزیشکی، چونکە ئەگەر باری دارایی باش نەبێت، ناتوانیت لەڕووی کارگێڕییەوە هەموو کارێک بکەیت، بۆیە بە کاری پزیشکییەکە ئاسوودەترم کە یارمەتیی خەڵک دەدەم''.
هەواڵێکی خۆش بۆ تووشبووانی شێرپەنجە
د. دڵشاد چۆمانی لەبارەی توێژینەوە ناوخۆییەکەی دەڵێت: لەسەر 574 نەخۆش کرا و دەرکەوت، زۆرینەی جۆرەکانی شێرپەنجەی غودەی دەرەقی کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەرکردنیان ئاسانن، بەڵام جۆرێکی کوژەری هەیە کە تەنیا 3٪ـی بەشداربووان تووشبی بووبوون و زۆرینەیان لە ساڵێکدا گیانیان لەدەستدا.
هەر بۆیە ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، کە شێرپەنجەی غودەی دەرەقی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر کەمدایە و زۆرجار بە ئاسانی کۆنتڕۆڵدەکرێت و ئەمەش بە هەواڵێکی خۆش بۆ تووشبووانی شێرپەنجەکە دادەنێت.
منداڵی ئەم خانمانە کورتەباڵا و بیرکۆڵ دەردەچن
چۆمانی رایدەگەیێنێت، غودەی دەرەقیی خانمانی دووگیان سست بێت، ئەوا منداڵەکە گەشەناکات و دەشێت بیرکۆڵ و کورتەباڵا دەربچێت، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە پێش دووگیانبوون، پشکنینی غودە بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ