رووداو - تەندروستی
کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ بەردەوامە و ئەمجارە بەتایبەتە بەوانەی دەیانەوێت لە مانگی رەمەزاندا واز لە جگەرە، نێگەلە و ڤەیپ بهێنن.
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی بۆ چوارەم ساڵ راگەیاند، ئێستا پڕۆژەکە فراوانتر بووە و ئەمجارە تایبەتە بە مانگی رەمەزان وەکو دەرفەتێکی دیکە بۆ وازهێنان لە تووتن.
ئەمڕۆ شەممە 1-3-2025 مانگی پیرۆزی رەمەزان دەستی پێکرد و د. رێباز هەمزە، سەرپەرشتیاریی زانستیی کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ بە رووداو راگەیاند، لەنێو کلینیکی ئەنیتتۆباکۆ پزیشکی گشتی و تیمی پەرستاریی راهێندراو هەن و ئامێرە پزیشکییە پێویستەکان بۆ پشکنین و چارەسەری بەشداربووان دابینکراون.
د. رێباز هەمزە دەڵێت: ''هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بهێنن و مانگی رەمەزان دەرفەتێکی گرنگە بۆ وازهێنان لە تووتن''.
کامپەینەکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان و ئامانجی کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ پاراستنی هاونیشتمانییانە لە تووتن، وەکو بەشێک لە کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ، ئێستا کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ لە نەخۆشخانەی تایبەتی 'پار'ـە لە هەولێر و هاونیشتیمانییان دەتوانن سەردان بکەن و واز لە جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن بهێنن.
چۆنیەتیی پشکنینی بەشداربووان لە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ؛
سەرەتا بەشداربوو خۆی تۆماردەکات و پشکنینی سەرەتایی بۆ دەکرێت و چارەسەریش وەردەگرێت، پاشان دوای مانگێک دەبیندرێتەوە، ئینجا پاش سێ مانگ دووبارە دەبیندرێتەوە و پاشانیش دوای سێ مانگ دیکە پشکنینی بۆ دەکرێت، واتە 7 مانگ کەسی بەشداربوو کە وازی لە تووتن هێناوە چاودێریدەکرێت و ئەوانەی لە پشکنینەکان دەردەچن کە وازیان لە تووتن هێناوە، دەخرێنە نێو تیروپشک و لە 1-1-2026 براوەی خەڵاتەکە رادەگەیێندرێت.
بۆ ئەوەی بەشداریبکەیت پێویستە لەم فۆڕمە ناوت تۆماربکەیت، یاخود پەیوەندی بە 07513233353 یان 07713233353 بکەیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ