رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت فیلمی سینەمایی 'Black Adam' ببێتە فیلمی پڕداهاتی ئەمریکای باکوور لەم هەفتەیەدا و داهاتی لە سینەماکاندا 60 ملیۆن دۆلار دەبێت لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە.
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای وۆرنەر برۆس و دی سی کۆمێکسە و بەمەش دەتوانێت ریزبەندی یەکەم لە فیلمی 'Halloween Ends' وەربگرێت کە داهاتی یەکەم هەفتەی 41 ملیۆن دۆلارە.
لەگەڵ ئەوەشدا 'Black Adam' بۆ بەدەستهێنانی ریزبەندی یەکەمی لیستەکە، رووبەڕووی فیلمی کۆمێدی 'Ticket to Paradise' دەبێتەوە کە جولیا رۆبێرتس و جۆرج کلۆنی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
195 ملیۆن دۆلار بودجەی بەرهەمهێنانی 'Black Adam'ـە و دوەین جۆنسن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت کە رۆڵی کارەکتەری بلاک ئادەمە و هێزێکی لە رادەبەدەری هەیە و توانای فڕینی هەیە.
'Black Adam' لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و فەنتازییەکانە و لە دەرهێنانی جەوما کۆلێت سیرایە، جگە لە دوەین جۆنسن، هەریەک لە سارە شاهی و پرێس برۆسنەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
دوەین جۆنسن، یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی زۆرانبازی بووە لە جیهانەدا، دواتر رووی لە سینەما کردووە، وەک ئەکتەرێک داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و داهاتیان لە سەرانسەری جیهاندا 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
جۆنسن، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە زۆرترین کرێ بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمدا وەردەگرێت و چەند ساڵێک لە ریزبەندی یەکەمدا لیستی ئەو هونەرمەندانەدا بوو کە زۆرترین کرێ بۆ کارکردنیان دەگێڕن.
یەکەم دەرکەوتنی جۆنسن لە سینەمادا، لە 2002 بوو لە فیلمی سینەمایی 'The Scorpion King'، دواتر لە 2007 لە فیلمی 'The Game Plan' و 2010 لە فیلمی 'Tooth Fairy' ناوبانگی پەیداکرد.
جۆنسن، لە 2016 و 2019 وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان ناسێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ