بەهۆی تەقینەوەکەی سلێمانی ئەیوب عەلی کۆنسێرتەکەی لە هەولێر دواخست

19-11-2022
پەسار فایەق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی و گیان لەدەستدانی 15 کەس و برینداربوونی 12 کەس، هونەرمەند ئەیوب عەلی بڕیاریدا دوایین کۆنسێرتی لە هەولێر دوابخات.
 
ئەیوب عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی رووداوی تەقینەوەکەی شاری سلێمانی لە 17 ئەم مانگە، لەگەڵ رێکخەرانی کۆنسێرتەکە بڕیارماندا کۆنسێرتەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخەین. هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ ئەو رووداوە و گیان لەدەستدانی و برینداربوونی ئەندامانی یەک ماڵبات دەربڕی.
 
بڕیاربوو ئەو هونەرمەندە لە 22 تشرینی دووەمی 2022 کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە هەولێر سازبکات و گوڵبژێرێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی پێشکێش بکات.
 
دەنگی تەقینەوەکەی سلێمانی کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2022 بەهۆی لێچوونی غازەوە لە ماڵێکدا لە خانوویەکی گەڕەکی کازیوە روویدا، بەشی زۆری دانیشتووانی شارەکە گوێیان لێ بوو. لەو کاتەی کە تەقینەوەکە روویداوە، 27 کەس لە ماڵەکەدا بوون و بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەیش بریندار بوون.
 
دوای 17 کاژێر لە گەڕان بۆ ئەو کەسانەی سۆراخیان نەبوو، توانرا چوار کەس بە زیندوویی و حەوت کەسیش بە مردوویی لەژێر داروپەردوودا دەربهێندرێن. ئەوانەی لە نێو ماڵەکەدا بوون، بۆ ئێوارەخوانی یادی لەدایکبوون چووبوونە ماڵی حاجی مەزهەر.
 
رۆژی هەینی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سلێمانی لەوبارەیەوە گوتی: رووداوەکە "100٪ بەهۆی سیستمی غازەکەوە بووە، وەستایەک کە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی فەرمیی نەبووە، هاتووەتە ئێرە. خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەستکاریی سیستمی شۆفاژی ئەو ماڵەی کردووە، بەهۆی لێچوونی غازەوە ئەو کارەساتە روویداوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە