خێزانێکی کورد لە دانیمارک بە کارە هونەرییەکانیان سەرنجی دانیمارکییەکان رادەکێشن

13-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
مەلەک و هاوژین و کوڕەکەی
مەلەک و هاوژین و کوڕەکەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک مرۆڤ دەچێتە ماڵی مەلەک موختاری شێوەکار لە دانیمارک، هەستدەکات چووەتە نێو دنیایەکی هونەری. ئەو هونەرمەندە عەفرینییە بەدەم کێشانی تابلۆکانیەوە گۆرانیی دڵڕفێن دەڵێت؛ هاوژین و کوڕەکەشی بە میوزیک هاوڕێیەتیی دەکەن.
 
مەلەک موختار ماوەی 10 ساڵە لە دانیمارک دەژی، دەڵێت، "زۆر پێشانگام کردوونەتەوە، یەکەم پێشانگام لە دانیمارک کردەوە، دووەم پێشانگام لە ئەڵمانیا بوو، لە زۆر شار، وەکو شتوتگارت، هامبۆرگ و بۆن. دوای ئەویش پێشانگام لە مۆزەخانەی ستراسفۆر لە فەرەنسا کردەوە، پاشان چوومە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان و لەوێ پیشانگایەکم کردەوە. خۆم لەمەدا دەبینمەوە."
 
زۆر جار پرسیار لە مەلەک کراوە، "بۆچی رەنگی خۆڵەمێشی بەسەر تابلۆکانتدا زاڵە؟" ئەویش لە وەڵامیاندا دەڵێت، "ئەمە رەنگدانەوەی ئەو ژیانەیە کە من تێیدا دەژیم، من لە دانیمارک دەژیم، لێرە رەنگەکانم خۆڵەمێشین، هەمووی بەستووە و تەنانەت دارەکانیشی من بە رەشی دەیانبینم، بۆیە کاریگەریی کەشی ئێرە رەنگدانەوەی زۆری بەسەر رەنگەکانی تابلۆکانمدا هەیە، بۆیە من رەنگی خۆڵەمێشی و رەش لە زۆربەی تابلۆکانمدا بەکاردەهێنم و گوزارشتەکانم پێی دەردەبڕم، من خۆم لە قوتابخانەی گیدا دەبینمەوە، چونکە پێموایە نزیکە لە رۆحمەوە، لە میوزیکمەوە و لە نۆتەکانمەوە."
 
ئەو خانمە شێوەکارە باسی لەوە کرد، دەمێکە دەستی بە کارێکی نوێ کردووە، "بە عەرەبی پێی دەڵێن (کائینات ملک موختار). من وەکو کائیناتەکانی خۆم دەیانبینم، بۆیە من لەسەر تابلۆکانم دەیاننەخشێنم، کە پرۆژەیەکی خۆمە و کاری لەسەر دەکەم."
 
زۆر کەس داوای ئەوە لە مەلەک دەکەن باسی تابلۆکانی بکات و بۆیان روون بکاتەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت، "منیش وەڵامیان دەدەمەوە و دەڵێم، هەندێکجار تابلۆکار لەبەردەم تابلۆکەی دادەنیشێت و نازانێت چی لێبکات، بەڵام دواتر رەنگەکانی و ریشە و هێڵەکانی دەبن بە جیهانێکی دیکە، بۆیە کاتێک بەو رەنگ و ریشاڵ و هێڵانە دەچینە نێو جیهانێکی دیکە، دەبینین شتێکی نایابی لێ دروست دەبێت و کائیناتەکانی منی لێدەردەکەون، واتە خۆم ناوم ناون کائینات."
 
مەلەک لە تابلۆکانیدا زەیت و ئاو بەکاردەهێنێت و کارلێکیان پێدەکات، بەڵام زیاتر حەزی لە بەکارهێنانی زەیتە.
 
وەلید حەمۆتۆ، هاوژینی مەلەک موختار دەڵێت، "ماوەی 25 ساڵە لەگەڵ مەلەک پێکەوە دەژین و دەستمان لەناو دەستی یەکە، من پاڵپشتی دەکەم و ئەویش پاڵپشتیم دەکات لە کاری میوزیکدا. من لێرە چالاکیم هەیە. پشتگیری و هاوکاریی مەلەک دەکەم لە کردنەوەی پێشانگەکانی. ئێمە پێکەوە سەربڵندین، ئێمە منداڵێکمان هەیە بەناوی عەلی شێر، ئەویشمان فێری میوزیک کردووە و بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئێستا میوزیسمانە و رۆحی ئەو لە رۆحی ئێمە نزیکە، ئێمە هەموومان رۆحێکین لە ماڵێکدا، من زیاتر کاری میوزیک دەکەم، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی فوویان پێدا دەکرێن، وەکو باڵەبان و دوودووک، عەلی کوڕیشم ساز دەژەنێت و مەلەکی هاوژینیشم گۆرانی دەڵێت، کاتەکانمان بەو جۆرە بەسەر دەبەین، هەندێکجار مەلەکیش ئامێر دەژەنێت وەکو دەف."
 
عەلی شێر حەمۆتۆ، کوڕی مەلەک موختار ئاماژەی بەوە کرد، "لەو کاتەی هاتوومەتە دونیاوە لەنێو میوزیکدا گەورە بووم، دایک و باوکم زۆر هانیان دام و فێریان کردم، باوکم بە شێوەی ماددی و مەعنەوی و وەکو مامۆستایەک لەپشتم بوو بۆ فێربوونی میوزیک بەشێوەی ئەکادیمی، هەروەها دایکیشم بە هەمان شێوە، بۆیە کاریگەریی ئەوان زۆر لەسەرم هەبوو، کاتێک دێینەوە ماڵەوە، پێکەوە هەموو شتێک وەلا دەنێنین و گۆرانی دەڵێن، ئامێری میوزیک دەژەنین و کەشێکی خۆش دروست دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە