رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی 'Black Adam' بەردەوامە لە بەدەستهێنانی داهات لە سینەماکانی جیهاندا و داهاتی گەیشتە 384 ملیۆن و 172 هەزار دۆلاری ئەمریکی و داهاتی یەکەم هەفتەی 67 ملیۆن دۆلار بوو.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 21 تشرینی یەکەمی 2022ـەوە لە سینەماکاندا پێشاندەدرێت و داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 165 ملیۆن و 172 هەزار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 219 ملیۆن دۆلارە.
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای وۆرنەر برۆس و دی سی کۆمێکسە و بودجەی بەرهەمهێنانی 195 ملیۆن دۆلارە و دوەین جۆنسن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت کە رۆڵی کارەکتەری بلاک ئادەمە و هێزێکی لە رادەبەدەری هەیە، تەنانەت توانای فڕینیشی هەیە.
'Black Adam' لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و فەنتازییەکانە و لە دەرهێنانی جەوما کۆلێت سیرایە، جگە لە دوەین جۆنسن، هەریەک لە سارە شاهی و پرێس برۆسنەن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
دوەین جۆنسن، یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی زۆرانبازی بووە لە جیهانەدا، دواتر رووی لە سینەما کردووە، وەک ئەکتەرێک داهاتی فیلمەکانی لە ئەمریکای باکوور زیاتر لە سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە و داهاتیان لە سەرانسەری جیهاندا 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
جۆنسن، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە زۆرترین کرێ بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمدا وەردەگرێت و چەند ساڵێک لە ریزبەندی یەکەمی لیستی ئەو هونەرمەندانەدا بوو کە زۆرترین کرێ بۆ کارکردنیان وەردەگرن.
یەکەم دەرکەوتنی جۆنسن لە سینەمادا، لە 2002 بوو لە فیلمی سینەمایی 'The Scorpion King'، دواتر لە 2007 لە فیلمی 'The Game Plan' و 2010 لە فیلمی 'Tooth Fairy' ناوبانگی پەیداکرد.
جۆنسن، لە 2016 و 2019 وەک یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان ناسێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ