رووداو- هەولێر
نازدار جزیری، هونەرمەندی باکووری کوردستان، هیواو ئومێدێکی زۆری بە ساڵی 2021 هەیە، بۆیە پرۆژەو بەرهەمێکی زۆری ئامادەکردووەو دەیەوێت قەرەبووی ساڵی 2020 بکاتەوە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداودا، لەگەڵ دلێر تێلی، هونەرمەند نازدار باس لە دواین پڕۆژەو بەرهەمەکانی خۆی بۆ ساڵی نوێ دەکات.
رووداو: کاتێک نازدار کۆنسێرتێک ئەنجامدەدات، خەڵک بە گۆرانییەکانی دڵخۆش و شادومانن هەست بەچی دەکەی؟
نازدار: بێگومان هەستێکی زۆر خۆشە، چونکە من باوەڕم وایە،هەر کەسێک لەم دونیایەدا ئەرکێکی لەسەر شانە، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک دەزانێت، کە کاتێک وەکو مرۆڤێک دێتە ئەم جیهانەوە، ئەرک و مافی لەسەرە، گرنگە ئەوەش بزانیت تۆ وەکو مرۆڤ چی پێشکەش بەرامبەرو دەوروبەرەکەت دەکەی، من هەندێ جار بە گۆرانی خەمباری خەم و نیگەرانیەکانی ئەوان دەڕەوێنمەوەو هەندێ جاریش بە گۆرانی شاد، جۆش و خرۆشیان پێ دەبەخشم، ئەمەش هەستێکی زۆر خۆشە، کە کاتێک من لەگەڵ رۆحی ئەوان کاردەکەم و جێ پەنجەیەک لە دڵی هەوادارەکانم بەجێ بهێڵم.
رووداو: ئەوە کارێکی مەزن و گرنگە، کە بتوانی رووبچیتە نێو رۆح و دڵی هەوادارەکانتەوە؟
نازدار: وەکو دەزانن، هەستی هونەرمەندان ناسکە، چونکە دەگوترێت هونەرمەند کەسایەتی خەیاڵیان هەیە، فانتازیای ئێمە گەلێک بەرزە، رەهەندی هونەرمەندان زۆر فراوانە، چونکە رەنگە خەڵک، راستەوخۆ نەتوانێت لەگەڵ بەرامبەری خۆی قسەی دڵی خۆی بکات، بەڵام لەرێگەی میوزیک و گۆرانی و تێکستەوە راستەوخۆ خەمی دڵی خۆی بەیان دەکات، بۆیە هەموو کەسێک خۆیان لە نێو ئەم گۆرانیانە دەبینێتەوە، بۆ نموونە گۆرانییەکی ئەڤینداری، کە باس لە نەگەیشتنە یەکی دوو دڵدار دەکات، ئەمە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر مرۆڤ دەبێت و خۆیان تێدا دەبیننەوە، من پێموایە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر خەڵک پێویستی بەوە هەیە بگەڕێتەوە نێو ناخی خۆی کار لەسەر ناخی خۆی بکات، هەروەها بگەڕێتەوە نێو سرووشتی راستەقینەی خۆی، ماوەی چەند ساڵێکە ژیانی مرۆڤ وەکو رۆبۆتێکی لێهاتووە، سەرقاڵی ئیشکردن و رۆتینیاتی رۆژانەین، بەڵام کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا هات، هەموو خەڵکی بەئاگا هێناوە، پێی گوتین بگەڕێنەوە ئێوە چی دەکەن، ئەم دونیایە کاتییەو دەبێت چێژ لە ژیان ببینی.
رووداو: باشە چی لە سەردەمی کۆرۆنا فێری بوویت؟
نازدار: یەکەمین شت کە لە سەردەمی کۆرۆنا فێربووین، ئارامگرتنە، چونکە من پێوایە ئارامگرتن لە ژیاندا کارێکی زۆر گرنگە، چونکە پێشتر هەموو خەڵکی دڵەڕاوکێ و بەپەلە بوون، بەڵام کۆرۆنا ئەوەی پێگوتین، کە وەرن بگەڕێنەوە نێو سرووشت، بگەڕێنەوە نێو ناخی خۆتان، پەیوەندییەکانتان بەهێزبکەنەوە، چونکە ئێمە لە جیهانێکین رەوشی هەموومان بەیەکەوە بەستراوەتەوە.
رووداو: نازدار هەمیشە وەکو دەروونناسێک قسە دەکات، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
نازدار: من تەنیا بە هونەر تێرنابم، ئەوەشتان لە بیرنەچێت من دەرچووی بەشی دەروونیم لە ئەڵمانیا، یانی زانستی دەروونی بەشێکە لەمن، ئەمەش وایکردووە ژیان زۆر شتمان فێربکات، نازانم تەمەن رێگەدەدات، قۆناخەکانی خوێندنم لە بواری دەروونی بەردەوام بکەم یاخود نا، دەمەوێت جگە لە کاری هونەری لە بواری دەروونیش خزمەت بە نەتەوەو مرۆڤایەتی بکەم.
رووداو: لە کوردستان رۆڵی هونەرمەندان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆن دەبینی؟
نازدار: سەرەتا ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە نەبووە، بەڵکو خەڵکی بەگشتی لەم بوارە بێ ئاگابوون، بەڵام ئەم ڤایرۆسە پێی گوتین، کە دەبێت هۆشیار بین و بگەڕێینەوە بۆ سرووشت، چونکە هەموو کەسێک پێویستی بە سرووشت هەیە، خەڵک دەبێت هۆشیار بکرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو سرووشت، ئێمە زۆربەی کات لە نێو چوار دیوار قەتیس ماوین، ئێستا هەموو شتێک بووەتە بزنس، ئێمە سەوزایی و شوێنەوارەکانیان نەهێشت هەموویان کردووەتە باڵەخانە، ژینگەمان وێرانکرد، دەبێت ئەوە بزانین، ئێمە بەدەستی خۆمان ژیانمان وێرانکردووە، دەبێت پەیامی هەموو هونەرمەندان ئەوە بێت بگەڕێینەوە نێو سرووشت، ژیانی خەڵکی بپارێزین، دەبێت خەڵک هۆشیار بکەینەوە ژینگەو خاکی خۆی خۆش بووێت، ئەگەر وانەکەین، من پێوایە کارەساتی مەزنتر چاوەڕێمان دەکات، بەرای من گرنگە مامۆستاکان بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و قوتابییەکانیان لەسەر ژینگەدۆستی و مرۆڤدۆستی رابهێنن، هەروەها پێویستە خەڵک زیاتر روو لە خوێندنەوەی کتێب بکات و رۆژانە زانیارییەکانی خۆیان ئەپدێت بکەنەوە.
رووداو: باسی خوێندنەوەت کرد، لە بواری خوێندنەوە چ پرۆژەیەکەت هەیە؟
نازدار: بەڵێ، من زۆر گرنگی بەخوێندنەوەو ریسێرچ و لێکۆڵینەوە دەدەم، ئێستا کار لەسەر پرۆژەیەک دەکەم، بۆ بەرەودان بە کتێب خوێندنەوە، بەڵام ئەم پرۆژەیەم بۆ مانگی ئادار هەڵگرتووە، کە رەنگە لەو مانگەدا بەشێوەیەکی فەرمی دەست بە پرۆژەکەم بکەم، دەمەوێت کولتووری خوێندنەوە لەنێو خەڵک بڵاوبکەینەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆمدا زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەم و دەمەوێت زیاتر کاری لەسەر بکەم.
رووداو: کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر هونەرمەندان لەساڵی 2020 چی بووە؟
نازدار: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری ئابووری زۆر خراپی لەسەر رەوشی هونەرمەندان بەگشتی هەبووە، چونکە هەموو کۆنسێرت و ئاهەنگەکان هەڵوەشایەوە، بۆ چەندین مانگ هەموو خەڵک کەرەنتینەکرابوون، ئەمەش وایکرد، داهاتی هونەرمەندان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە، بەڵام لایەنی دیکەی باشیشی هەبووە، بۆ نموونە من توانیم لە ماوەیەدا روو بکەمە نووسینی تێکستی گۆرانی، ژمارەیەکی زۆر لە تێکستی گۆرانیم داناوە، هەروەها چەندین ئاواز و میلۆدی نوێم دروستکردووە، کە بڕیارە لە پڕۆژەیەکی گەورەدا ئاشکرای بکەم، هەروەها هەندێک تێکست و میلۆدی تورکیشم داناوە، بەڵام هێشتا بڵاومان نەکردووەتەوە.
رووداو: منداڵ و گەنج و پیر گوێ لە گۆرانییەکانی نازدار دەگرن، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
نازدار: من لە هەموو بوارەکان گۆرانیم گوتووە، گۆرانی ئەڤینداری، مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەری، ئەمەش وایکردووە هەموو چین و توێژێک گوێ لە گۆرانییەکانم بگرێت، بەڵام ئەوەی لە هەموو گرنگترە، بنکەی گۆرانییەکانم هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ فۆلکلۆری کوردی، ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر بەرهەمەکانم هەیە، چونکە فۆلکلۆر ناسنامەی ئێمە.
رووداو: لەنێو گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردیدا تا چەند گرنگە گۆڕانکاری لەدابەشكردنی میوزیکەکە بکرێت؟
نازدار: من هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم گوێم لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەگرت، تا رادەیەک بە دەنگی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان گەورەبووم، کاتێک دەمویست گۆرانییەکی فۆلکلۆر بڵێمەوە لەبەر باوکم نەدەوێرام گۆڕانکاری تێدا بکەم و بەشێوازی ئەرەبێسک بیڵێمەوە، بۆیە لەباوکم فێربووم، کە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان نابێت دەستکاری بکرێن و بشێوێندرێن.
رووداو: لەبنەماڵەی ئێوە چەند کەس گۆرانیبێژو هونەرمەندە؟
نازدار: لەنێو بنەماڵەی ئێمە دەنگی دایکم زۆر خۆشە، هەروەها باوکیشم شارەزایەکی باشی لە بواری فۆلکلۆر هەیە، براو خوشکەکانیشم سازدەژنن و گۆرانی دەڵێن، واتە لەبنەماڵەیەکی هونەرین و رۆحی هونەری لەنێو جەستەی هەمووماندا بوونی هەیە.
رووداو: پڕۆژە و بەرهەمی هونەری نازدار لە ساڵی 2021 چی دەبێت؟
نازدار: من دەمەوێت لەرێگەی رووداو بەهەوادارانم بڵێم، کە پڕۆژەو بەرهەمی زۆرباشم لە ئێستاوە بۆ ساڵی 2021 ئامادە کردووە، هەروەها خشتەیەکم داناوە، کە لە چ مانگێک کامە بەرهەم بڵاودەکەمەوە، ئەگەر هیچ شتێکی نەخواستراو روونەدات، پرۆگرامێکی زۆر باشم بۆ ئەمساڵ داناوە، کە من بە ساڵی پڕبەرهەم و کاری هونەری ناوی دەبەم، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی تایبەتم بۆ بەرهەمی فۆلکلۆری کوردی داناوەو گرنگی زیاترم پێداوە، ئێستا گۆرانییەکی سلۆم تۆمار کردووە، لەم رۆژانە دەست بەوێنەگرتنی کلیپەکەی دەکەم، کە نیوەی گۆرانییەکە سۆرانییەو نیوەی دیکەی کرمانجییە، من دەمەوێت هەمیشە لە گۆرانییەکانم هیواو ئومێدێک بدەمە خەڵکی، ئەم گۆرانییەش هیواو ئومێدێکی زۆری تێدا و هێزو توانایەکی زۆر بەخەڵک دەدات.
رووداو: نازدار چۆن بەلانسێک لە نێوان ژیانی تایبەت و ژیانی هونەری لە سۆشیال میدیادا راگرتووە؟
نازدار: من دەزانم خەڵکی حەز دەکەن، دەربارەی ژیانی هونەرمەندان و کەسایەتییە بەناوبانگەکان بزانن، چونکە ئێستا سۆشیال میدیا لەلای هەموو خەڵکییەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەڵام من نامەوێت ژیانی خۆم تێبدەم بۆ سۆشیال میدیا، دەبێت هەموو شتێک بەپێی تایبەتمەندی خۆی بەڕێوەبچێت و دوور لە لاسایی.
رووداو: لەسەر ژیانی هونەری بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهانی بەڵگەفیلم دروست دەکرێت، بەنیاز نیت ژیانی خۆت بکەیتە بەڵگەفیلمێک؟
نازدار: تاوەکو ئێستا بیرم لەوە نەکردووەوە، بەڵام ئەگەر شتێکی واهەبێت بیری لێ دەکەمەوە بۆ نا.
رووداو: دەمەوێت بزانم نازدار ئێستا زیاتر گوێ لە کامە هونەرمەندی کوردو بیانی دەگرێت؟
نازدار: باوەڕ بکە من گوێ لە هەموو گۆرانییەکان دەگرم، لە ئەلبووم هەر گۆرانیبێژێکدا هەیە گۆرانییەکی زۆر بەدڵی منە، لە گۆرانیبێژە کۆنەکاندا بەردەوام لە نێو ئۆتۆمبێلەکەمدا گوێ لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد عارف و محەممەدی ماملێ دەگرم،
رووداو: نازدار چۆن دەڕوانێتە ژنانی کوردستان؟
نازدار: ژنانی کوردستان زۆر بەهێز و تواناو لێهاتوون، هەمیشە پێشەنگ بوونە، بەڵام دەخوازم ژنانی کوردستان زیاتر بخوێننەوە، ژنانی ئێمە نەک تەنیا گرنگی بە جوانی و رووخسار و جلوبەرگ دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی بەژیان و کاری داهێنەرانەش دەدەن، ژنمان هەیە دکتۆرێکی لێهاتووەو ژنیشمان هەیە پێشمەرگەیەو بەرگری لە نیشتمان دەکات، لە هەموو بوارەکانی ژیان ژنی کورد کاری تێدا کردووە، بەڵام من دەخوازم زیاتر خۆیان پێش بەخەن و گرنگی بە رۆشنبیریی و هۆشیاری بدەن.
رووداو: هەمیشە نازدار بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت، ئەمە حەزی نازدارە یاخود پێویستی وایکردووە جلی کوردی لەبەر بکات؟
نازدار: ئەی ژنی کورد بەچییەوە دیارو بەرچاوە، هەڵبەتە بەجلوبەرگی کوردی دیارە، کە ئەمە کوردە، لەگەڵ ئەوەشدا جلی کوردی ناسنامەی ئێمەیە، دەبێت بیپارێزین و بەرزو پیرۆز رایبگرین، من لە هەموو بۆنەو ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانم جلی کوردی لەبەر دەکەم، شانازی بە جلی کوردییەوە دەکەم، چونکە یەکێکە لە جوانترین جلوبەرگەکانی جیهان.
رووداو: هەندێ گۆڕانکاری لە جلوبەرگی ئێستا کوردی کراوە، ئەمەت بەلاوە چۆنە؟
نازدار: جلی کوردی بەهەموو شێوەیەک جوان و رازاوەیە، ئەگەر هەندێ گۆڕانکاری سادە بکرێت خراپ نییە، بەڵام نابێت بەتەواوی بگۆڕێت و بکرێتە قوربانی دیزاینێکی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت تێکەڵییەک لە نێوان جلوبەرگی هەرچوار پارچەی کوردستان هەبێت، چونکە هەموو جلوبەرگێکی کوردی جوان و رازاوەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ