ئەیوب عەلی ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بڵاوکردەوە

02-11-2021
پەسار فایەق
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەند ئەیوب عەلی، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیی بەناوی 'پەیکەرە' بڵاوکردەوە کە لە 12 تراکی گۆرانی پێکهاتووە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری بەرهەمەکەیە و دوو لە گۆرانییەکان فۆلکلۆرن.

ئەم بەرهەمە کاژێر 9ـی شەوی رابردوو لە کەناڵی تایبەتی ئەیوب عەلی لە یوتیوب بڵاوکرایەوە و لە هەمانکاتتدا لە زۆربەی پێگەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە میوزیکییەکان بەردەست دەبێت.

ئاوازی گۆرانییەکان لەلایەن ئەیوب عەلییەوە دانراون، هەروەها تێکستی بۆ گۆرانییەکان نووسیوە، دوو تێکستی گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە لەلایەن شاعیر رەنج سەنگاوی نووسراون، تێکستێکیش لە نووسینی شاعیر جەبار حەبیبە.

ئەیوب عەلی بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا ئەم بەرهەمە بەشێوەی ئەلبووم بڵاودەکرێتەوە و چەند دانەیەکی لێ چاپ دەکرێت.

گۆرانییەکان بەم ناوانەن، 'لێ لێ'، 'هیوا'، 'خەیاڵ'، 'بەڵێنم شکاند'، 'لێم مەپرسە'، 'کۆڵبەر'، 'بۆ دایکم'، 'نامەکانت'، 'رەنگ'، 'پەیکەر'، 'زاڵم' و 'بەیانیت باش'.

ئەیوب عەلی لە 24 ئازاری ئەمساڵ، یەکێک تراکەکانی ئەلبوومەکەی بەناوی 'رەنگ' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و زیاتر لە 109 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.

ئەیوب عەلی لە 1973 لە سەنگاو لە دایکبووە، لە 1998 بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی سەلاحەدین بەدەستھێناوە، لە قۆناغی زانکۆدا چالاکییەکانی لەبواری میوزیک و گۆرانی دەستپێکرد، لە ساڵانی 1995- 1998 لە رادیۆ کوردییەکان گۆرانی تۆمارکردووە، لە 1999 کوردستانی جێھێشت و لە بەریتانیا نیشتەجێبووە.

ئەیوب عەلی خاوەن حەوت ئەلبوومی گۆرانییە، 'دڵم مەشکێنە' لە 2003، 'خەمێکی بێ کۆتایی' لە 2004، 'ماڵئاوایی' لە 2006، 'مۆم' لە 2009، 'ئەلبوومێکی بێ ناونیشان' لە 2011، 'بێ سنوور' لە 2014 و ئەلبوومی 'پەیکەر' لە 2021.

جگە لە ئەلبووم چەند گۆرانییەکی تاکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە 'کوردم' لە 2015، 'تریفەی پێکەنین' لە 2015، 'بەڵێ عاشقم' لە 2019 کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و 'نامەکانت' 2020

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە