هونەرمەندان تۆمارگە و كەناڵەكان پڕ لە سروود دەكەن

26-10-2014
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن سروود
A+ A-

رووداو - هەولێر

خەریكە ژمارەی ئەو سروودانەی بە بەژن و باڵا و ئازایەتی پێشمەرگەدا دەگوترێن، ژمارەی پێوانەیی دەشكێنن. زۆر لە گۆرانیبێژان و ئاوازدانەرانیش پێیانوایە زۆربەی سروودەكان كرچوكاڵن و هەست جوڵێن نین.

رۆژ نییە هەواڵێك یان دوو هەواڵی هونەری بڵاونەكرێتەوە لەبارەی ئەوەی فڵان هونەرمەند سروودێكی بۆ پێشمەرگە تۆماركرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كام لەو سروودانە سەرنجی خەڵك و تەنانەت شارەزایانی بواری مۆسیقاشی رانەكێشاوە.

بەپێی قسەی هونەرمەند مەزهەری خالقی كە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەرە، كورد خاوەنی زیاتر لە 150 سروودە جگە لەو لاوك و حەیرانانەی باس لە ئازایەتی گەلی كورد و پێشمەرگە دەكەن. خالقی زۆریی سروودو گۆرانیی شۆڕشگێڕی لە نێو كورد بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە گەلی كورد زۆربەی كات لە شەڕدا بووە.

پێشتر سروودەكان كاریگەری زۆریان هەبوو لەسەر چەكهەڵگرتن و چوون بۆ چیا، ئەوانەی ئەوكات پشكی شێریان بەردەكەوت لە چڕینی سروود بریتیبوون لە هونەرمەندی كۆچكردوو محەممەد جەزا، شڤان پەروەر، ناسر رەزازی و مەرزییە فەریقی و هەندێك هونەرمەندی دیكە.

دوای ئەوەی چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵدا گرت و دواتر سەنگەریان بەرامبەر پێشمەرگە گرت، خەڵكی كوردستان هەریەكە بە شێوەیەك پشتگیریی خۆیان بۆ پێشمەرگە دەربڕی، هونەرمەندانیش دەستیان بە سروودگوتن كرد و بە لێشاو سروود كەوتنە سەر شاشەی تیڤییەكان.

رەزازی: دەنگی سروود لە كوردستان كەمە

بەڵام ئەم سروودانە سەرنجی هونەرمەندێكی وەكو ناسر رەزازییان رانەكێشاوە كە خاوەنی زیاتر لە 40 سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕییە.

رەزازی دەڵێت "دەنگی هەموو كەس بۆ سروود نابێت، ئەمڕۆ لە كوردستان ئەوانەی كە دەنگیان بۆ سروود دەبێت زۆر زۆر كەمن، بەڵام كەس ناتوانێت رێگایان لێ بگیردرێت، لەبەر ئەوەی كە پاشاگەردانییە".

ناسر رەزازی سەرەڕای ئەوەش پێیوایە لەبەرئەوەی دۆخەكە پێویستی بە پشتگیری و هاندانە، بۆیە پێیباشە ئەو سروودانە دەگوترێن "من حەز دەكەم نەتەنیا ئەو گەنجانە، بەڵكو هەموو گۆرانیبێژانی كورد ئەگەر دەنگیشیان بۆ سروود باش نەبێت، ئەگەر بۆیان دەكرێت لەم كاتەدا سروود بۆ نەتەوەی كورد تۆمار بكەن، بەتایبەت بۆ شنگال".

لالۆ رەنجدەر: سروودەكان بێ رۆحن

هونەرمەند لالۆ رەنجدەر كە بە هونەرمەندی گۆرانیی شۆڕشگێڕی و سروود ناسراوە، پێیوایە گرنگرترین هۆكار بۆ لەدایكبوونی سروود رۆحیەتە، بەڵام لالۆ ئەو رۆحیەتە لەو سروودانەی ئێستا دەگوترێن نابینێتەوە و دەڵێت "ئەگەر روحیەت نەبوو لە جیاتی رۆحیەت هەركەسێك پارەی هەبێت و بێت سروودێك بڵێتەوە هەر ئەو سروودانەی لێدەردەچێت".

لالۆ دەستخۆشی لەو گەنجانە دەكات كە سروودیان گوتووە، بەڵام دەڵێت هەموویان دەنگیان بۆ سروود ناشێت.

گۆران ساڵح:ئەوە كاری سروودبێژانە

گۆران ساڵح، كە هونەرمەندێكی گەنجی شاری هەولێرە، تاوەكو ئێستا خۆی لە قەرەی گوتنی سروود نەداوە و دەڵێت "ئەو كارە توانایەكی زۆرباشی دەوێت و ئاسان نییە.دەبێ ئێمە ئەوەش جودا بكەینەوە كە سروود شتێكە و گۆرانیش شتێكی دیكە، من گۆرانیبێژم، نەك سروود بێژ".

ئەو پێیوایە ئەو سروودانەی ئێستا بۆ هاندانی پێشمەرگە دەگوترێن هیچیان بنەمای سروودیان تێدا نییە "زۆربەیان دەچنە قاڵبی گۆرانی، بەڵام لە ناوەڕۆكدا باسی ئەم رەوشەی ئێستا دەكەن.

ئەنوەر قەرەداخی، كە میوزیكزانێكی بە ئەزموونە،لە بیری نییە تاوەكو ئێستا چەند كاری بۆ بەرهەمهێنانی سروود كردووە جا بە ئاوازدانان بێت، یان دابەشكردن. ئەو دەڵێ "كاتێك رووداوێك روودەدات، هونەرمەند یان هەر كەسێك رەنگە پەنا بباتە بەر شاعیرێك یان خۆی شیعرێك دادەنێت و دەیكات بە گۆرانی بۆئەوەی بە ئاوازێك باس لەو رووداوە بكات، رەنگە دانانی سروود، كاری هەموو كەسێك نەبێت،بەڵام ناتوانی رێگر بیت لەو هەستە ئەگەر لاوازیش بێت، یان كارێك بێت لە ئاستێكی هونەریی بەرز نەبێت، بەڵام ئەوە هەستێكە دەبێت تەقدیر بكرێت و رێزی لێ بگیرێت".
سەبارەت بەوەی كە كێن ئەوانەی دەبێ سروود بڵێن،قەرەداخی دەڵێ "ئێمە ناتوانین دەستنیشانی كەسێك بكەین، بەڵام زۆر لەو سروودانەی گوتراون كاری باشیان بۆ كراوە".

سەبارەت بە بەراوردی سروودی ئەم سەردەمە و رابردوو، ئەنوەر قەرەداخی دەڵێت "ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان ئێستاو رابردوو، جیاوازی زۆرە، چونكە ئێستا سەدەی بیست و یەكە و دەبێ سروودەكە تەعبیر لەم سەردەمە بكات، بەڵام مەرجیش نییە سروودەكانی رابردوو لە هی ئێستا باشتر بووبن".

ئەنوەر قەرەداخی گلەیی لە میدیا هەیە و دەڵێت هیچ فلتەرێكیان نییە بۆ پەخشكردنی سروود و گۆرانی. ئەو سروودی ئەی رەقیب بە نموونە دێنێتەوەو دەڵێت "ئەم سروودەبە دەیان شێواز گوتراوەتەوە،هەندێكی باشە و هەندێكی لاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر لێدەدرێتەوە، چونكە ئەمە سەر بە سلێمانییە یان هەولێرە، یان دهۆكە،یان ئەوە هی فڵانە حیزبە،ئەوە شتێكی زۆر هەڵەیە، چونكە ئەو كارە نیشتیمانیانە دەبێت بە یەك هەناسە و یەك چاو سەیریان بكرێت".

سەبارەت بە گوتنەوەی سروودە كۆنەكان كە پیشەی هەندێك لە گۆرانیبێژە گەنجەكانە، قەرەداخی گوتی "هەندێك كەس هەیە دێت سروودی كۆن تازە دەكاتەوە، بەڵام دەستكارییەكی سەقەتی دەكات، بەبڕوای من دەستكاری ئەو بەرهەمانە نەكرێت، بە بڕوای من ئەوە كارێكی زۆر هەڵەیە كە دەستكاریی بەرهەمەكانی رابردوو دەكرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە