لە فێستیڤاڵی کان فیلمێک لە بارەی پرسی تیرۆر لە ئەوروپا نمایشکرا

22-05-2019
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
فیلمەکە ناوی Le Jeune Ahmed ـە
فیلمەکە ناوی Le Jeune Ahmed ـە
نیشانەکردن فێستیڤاڵی کان
A+ A-

رووداو - فەرەنسا 

فیلمی "ئەحمەدی لاو" لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی کان نمایشکرا کە دەرهێنەران لە رێگەی مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵان پرسی تیرۆریان لە ئەوروپا خستووەتەڕوو. 

لوک داردنی، یەکێکە لە دەرهێنەرانی فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای تەقینەوەکانی پاریس و ھێرشەکانی برۆکسل کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجامدرا، ویستمان لە رێگەی کارەکتەرێکی بەتەمەنەوە ئەو چیرۆکە بگێڕینەوە، چۆن کەسێک لە ئەوروپا لەدایک دەبێ، گەورە دەبێ و دەگاتە ئەوەی ببێتە کەسێکی تووندئاژۆ، بەڵام کارەکتەرێکی بەتەمەنمان دەستنەکەوت". 

لوک داردنی ئاماژەی بەوەشکرد "بۆیە چیرۆکەکەمان گۆڕی بەوەی چۆن منداڵێك دەكەوێتە ژێر کاریگەری بیری تووندڕەویی و دواتر دەبێتە کەسێکی تیرۆریست، ئێمە ھەوڵمانداوە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو بیرە و رێگریکردن لە دووبارەبوونەی رووداوی تیرۆریستی نیشان بدەین".

ئەو بەرهەمە سینەماییە دەرهێنەرانی خاوەنی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینن، لە بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵ بەشدارە و ستافی فیلمەکە لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵ ئامادەبوون.

ئەو ئەکتەرەی لە فیلمەکەدا رۆڵی ئەحمەد دەبینێت بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی گوت "ئەو رۆڵەی من گێڕاومە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ کەسایەتی من، کارەکتەری ناو فیلمەکە زۆر نێگەتیڤ بیر دەکاتەوە، بەڵام من کەسێکی زۆر پۆزەتیڤم. بەبڕوای من کوشتنی ئەو کەسانەی کاری تیرۆریستی دەکەن باشترین چارەسەر نیە بۆ لەناوبردنیان، پێموایە دەبێ کار لەسەر ئایدلۆژیاکە بکرێت و رێگری لێبکرێت پێش ئەوەی ببێتە کردەوە".

ده‌رهێنه‌رانی فیلمه‌كه‌ تیشکدەخەنە سەر ئه‌و دیاردەیەی كه‌ هێشتا له‌ ئه‌وروپا ساڕێژنه‌بووە، هێرشه‌ تێرۆرستیه‌كان و پرسێک كه‌ ئه‌وروپای سه‌رقاڵكردووه‌، ئەویش رادیكاڵبوونی هەندێک لە گەنجەکان و هۆکارەکانیەتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە