رووداو-سلێمانی
لە شاری سلێمانی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هونەریی سلێمانی-سنە دەکرێت. بەپێی پلانی فێستیڤاڵەکەش چالاکییەکان چوار رۆژ بەردەوام دەبن.
هونەرمەند بەختیار سەعید، بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت رەنگە بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی گوت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بە ھاوکاریی ناوەندی حەوت رەنگە فێستیڤاڵی ھونەریی سلێمانی – سنە سازدەکات.
بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت رەنگە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە فیستیڤاڵەکە لە رۆژی 19/2/2018 لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت. دەستپێکی فێستیڤاڵەکەش لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەكە بەكردنەوەی پێشانگایەکی نیگارکێشی بۆ شێوەکارانی هەردوو شار دەستپێدەكات.
گوتیشی، لە فێستیڤاڵی ھونەریی سلێمانی_ سنە، دیبەیتێک لەنێوان شێوەکارانی هەردوو شار لەژێر ناوی گەشەکردنی هونەر لەناو شاردا سازدەكرێت، ئەوە سەرەڕای پرۆگرامی میوزیک و گۆرانی. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بەشدارییەکی کارا لە فێستیڤاڵەکەدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ