رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب دابەش دەکرێن کە باشترین بەرهەم و هونەرمەندانی بواری سینەما و تەلەڤزیۆن خەڵات دەکرێن و ئامادەکارییەکان بۆ خولی ئەمساڵ کراون.
ساڵی رابردوو رەخنەی زۆر لە رێکخەرانی خەڵاتەکە گیرا، بەهۆی ئەوەی فرەرەنگی لە نێو ئەندامانیدا نەبوو و لە کۆی 87 ئەندام، هیچ ئەندامێکی رەشپێستی تێدا نەبوو، بەهۆیەوە ئەو کەناڵەی ساڵانە پەخشی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی دەکرد، ئامادە نەبوو پەخشی رێوڕەسمەکە بگوازێتەوە.
لە هەشتایەمین خولی ئەمساڵی خەڵاتەکە، 52% ئەندامانی لیژنەی دادوەری ژنن، 19.9% لاتینین، 12.1 ئاسیایین، 10.1 رەشپێستن، 10.1 خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن و کۆی ژمارەی ئەندامانی 103 کەسن.
پێشتر لیستی بەرهەمە بەربژێرکراوەکان بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بڵاوکراوەتەوە، لەوانە بەشی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەر.
لە باشترین فیلمی درامایی، ئەم فیلمانە بەرچاو دەکەون: 'Avatar: The Way of Water'، 'Elvis'، 'The Fabelmans'، 'Tár' و 'Top Gun: Maverick'.
لە بەشی باشترین دەرهێنەری فیلم، ناوی هەریکە لە جێمس کامیرۆن دەرهێنەری فیلمی 'Avatar: The Way of Water'، دانیاڵ کوان و دانیاڵ سچەینێرت دەرهێنەری 'Everything Everywhere All at Once'، باز لۆرمەن دەرهێنەری 'Elvis'، مارتن مەکدۆنا دەرهێنەری 'The Banshees of Inisherin' و ستیڤن سپیلبێرگ دەرهێنەری 'The Fabelmans'.
یەکەم رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب لە 1944 لەلایەن کۆمەڵەی هۆلیوود بۆ رۆژنامەوانی بیانی بەڕێوەچوو و بەر لە خەڵاتی ئۆسکار دابەشدەکرێت و براوەی ئەو خەڵاتە، چانسی زیاتری بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکاریش دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ