جوان حاجۆ چوار سیمبول كۆدەكاتەوە

08-11-2014
بارزان محەممەد
نیشانەکردن جوان حاجۆ پێشمەرگە
A+ A-

رووداو – هەولێر

هونەرمەند جوان حاجۆ، یەكێتی نەتەوەیی كورد لە ڤیدیۆ كلیپێكدا بەرجەستە دەكات، كارێك كە سیاسییەكان تائێستا نەیانتوانیوە لە واقیعدا بیكەن.
 
ئەم كارە هونەرییە نوێیەی جوان حاجۆ بۆ پێشمەرگەیە كە وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپی گۆرانییەكە تەواوكراوە و بەم نزیكانە بڵاودەكرێتەوە.

حاجۆ، لەبارەی ڤیدیۆ كلیپەكەی بە (رووداو)ی گوت "لەنێو هەر نەتەوە و وڵاتێك سیمبولێك هەیە كە نەتەوەكەی پێدەناسرێتەوە، پێشمەرگە ئەو سیمبولەیە كە كورد و كوردستانی پێدەناسرێتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانم بەردەوام بە هونەرەكەم خزمەتی بكەم".

تێكستی ئەو گۆرانییەی جوان حاجۆ لەلایەن شاعیری كورد "بورهان زێباری" نووسراوە كە باس لە یەكێتی نەتەوەیی كورد و هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات.

حاجۆ دەڵێ "لە گۆرانییەكەدا باسی ئەحمەدی خانیم كردووە كە 300 ساڵ پێش ئێستا باسی یەكێتی نەتەوەیی كردووە، هەروەها باسی سەید رەزا لە باكووری كوردستان و قازی محەممەد لە رۆژهەڵات و مەلا مستەفا بارزانیم لە باشووری كوردستان كردووە".

ئەمە یەكەم سترانی جوان حاجۆ نییە لەسەر پێشمەرگە. ساڵی 1980 كاسێتێكی بەنێوی "پێشمەرگەنە"، تۆماركردووە كە لە 14 ستران پێكهاتووە.

جوان حاجۆ لە شەقڵاوە و سەر چیای سەفین، هەروەها لە بەرەكانی شەڕ لە مەخموور وێنەی كلیپەكەی گرتووە، لە كاتی كلیپەكەی چەندین هەوادار و گوێگری جوان حاجۆ بەرەو لای دەهاتن و دەستخۆشییان لێدەكرد، ئەویش كارەكانی رادەگرت و لەگەڵیان دەكەوتە گفتوگۆ و پێكەنین.

ئەدهەم كۆبانی، گەنجێكی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان كە بۆ گەشت لەگەڵ خانەوادەكەی هاتبووە شەقڵاوە، كاتێك گوێی لە دەنگی جوان حاجۆ بوو، یەكسەر بەرەو لای هات.

خێزانی ئەدهەم گوتی "كە گوێم لە گۆرانییەكەی جوان بوو، دڵم خەبەری دا، گوتم جوان لێرەیە، كە هاتم جوانم بینی زۆر دڵخۆش بووم، ئەو چركە ساتەم پێ وەسف ناكرێت، بەڕاستی بینینی جوان حاجۆ هەستێكی زۆر خۆشی پێبەخشیم".

ئەدهەم كۆبانی دەڵێ "من هەواداری جوانم و بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانی دەگرم، چونكە جوان هەم گۆرانیبێژێكی نەتەوەییە و هەم گۆرانی بۆ دڵخۆشكردنی عاشق و ئەڤیندارانیش دەڵێت".

جوان حاجۆ لە باشووری كوردستانیش هەواداری زۆری هەن، كاتێك بەرەو نێو سەنگەرەكانی پێشمەرگە چوو، پێشمەرگە نۆرەیان گرتبوو بۆئەوەی وێنەی لەگەڵ بگرن.

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخموور و گوێری هێزەكانی پێشمەرگە لە بارەی جوان حاجۆ دەڵێ "جوان هونەرمەندێكی نەتەوەییە، ئەو شێوازی ستران و میوزیكی كوردی گۆڕی".

لە نێو سەنگەری پێشمەرگە جوان سازەكەی دەرهێنا و گۆرانییەكی بۆ پێشمەرگە گوت، لە كاتی گۆرانییەكە سیروان بارزانیش لەگەڵ ئەو دەیگوتەوە.

جوان حاجۆ لە 17ی ئابی 1957 لە گوندی تربەسپێی قامیشلۆ، لە رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، لە بنەماڵەی حاجۆ ئاغایە كە بنەماڵەیەكی كوردی موسڵمانی باكووری كوردستانن و دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ناوچەی مێردینیان لە باكووری كوردستان جێهێشتووە.

ئامێری ساز لەلای بەشێكی زۆری خەڵكی باكوور و هەروەها لای ئێزدییەكانیش وەكو شتێكی پیرۆز دەبینرێ، بەهۆی تێكەڵبوونی بنەماڵەی جوان حاجۆ، لەگەڵ ئێزدییەكانی  رۆژئاوای كوردستان، ئەو پەیوەندییەی مرۆڤ و ساز بۆ جوان حاجۆش گوازراوەتەوە و بەردەوام سازی لێداوە و گۆرانی بۆ خۆی گوتووە.

جوان حاجۆ، بۆ یەكەمجار لە تەمەنی 15 ساڵیدا كاسێتێكی بەنێوی "ئەمینە ئەمینە" لە ماڵەوە بۆ خۆی تۆماركردووە. دەڵێت "ئەوكات من عاشق بووم، ئەمینە ناوی شاراوەی ئەو كچە بوو كە خۆشمدەویست، بەڵام بە نسیبی من نەبوو، ئەمینە ئێستا شووی كردووە و ژیانی خۆی لەگەڵ هاوسەرەكەی دەباتە سەر، بەڵام ئێستاش خۆشمدەوێت".

حاجۆ لە ساڵی 1979 رۆژئاوای كوردستانی جێهێشتووە و لە ئەڵمانیا گیرساوەتەوە، لەوێش میوزیكی خوێندووە. لە ئەڵمانیا دەكەوێتە ژێر كاریگەری میوزیكزانی ئەڵمانی ئودۆ هێربەست، ئەوەش وای لێدەكات، مۆسیقای پۆپ و رۆكی ئەوروپی تێكەڵ بە مۆسیقای فۆلكلۆری كوردی بكات.

لە ساڵی 2004 بۆ یەكەمجار، لە توركیا رێگەدرا جوان حاجۆ كۆنسێرتێك سازبكات، ئەوكاتە خەڵكێكی یەكجار زۆر پێشوازیان لێكرد و بەشدارییان لە كۆنسێرتەكەیدا كرد.

حاجۆ لەگەڵ هونەرمەندی بەنێوبانگی بە رەچەڵەك كورد هۆلیا ئەفشار گۆرانییەكی تۆماركرد.

 ئەفشار دەربارەی ئەو گۆرانییە دەڵێت "تاوەكو ئێستا بە شێوەی دوێت گۆرانیم نەچڕیوە، ئەوە یەكەمجارە ئەو كارە دەكەم، دیارە (جوان حاجۆ)یش یەكێكە لە هونەرمەندە ناودارەكان و پێویست ناكات وەسفی بكەم، كە بڕیاریشم دا لەگەڵ ئەودا گۆرانی بڵێم، هۆكارەكەی ناوبانگ و توانای (حاجۆ) بوو. جگە لەوەش بۆ خۆم بە رەگەز كوردم و ویستم لە رێگەی ئەو گۆرانییەوە خزمەتێكی بچووك بە نەتەوەكەم بكەم."

جوان، جگە لە گوتنی گۆرانی رۆڵی ئەكتەریشی لە فیلمی دۆڵ بینیوە كە كاری دەرهێنەری كورد هونەر سەلیم بوو.

حاجۆ بۆ زۆربەی ئەو كارەسات و نەهامەتیانەی بەسەر نەتەوەكەیدا هاتوون، گۆرانی و سترانی تۆماركردووە، كاتێك داعش ئەو نەهامەتییەی بەسەر كوردی ئێزدیدا هێنا لە شنگال، حاجۆ سترانێكی بۆ شنگال تۆماركرد.

جوان حاجۆ لەکاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆ کلیپەکەیدا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە