رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر پێشاندانێکی تایبەت بۆ فیلمی 'In The Blind Spot' لە دەرهێنانی ئایشە پۆلات، دەرهێنەری باکووری کوردستان کرا و پرۆدیوسەری فیلمەکە دەڵێت، لە دوای وەرگرتنی 21 خەڵات، دڵخۆشە بە پێشاندانی فیلمەکە لە کوردستان.
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئێوارەی چوارشەممە 7ـی شوباتی 2023 لەلایەن پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی لە عێراق لە سینەما ئێمپایەر پێشاندرا و پێشتر چەند فیلمێکی دیکەی کوردی لە هەولێر پێشانداوە و مەمەد ئەکتاش، پرۆدیوسەری فیلمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فیلمەکە بەربژێرە بۆ باشترین فیلمی ئەڵمانیا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکەم پێشاندانی فیلمەکە لە 19ـی شوباتی 2023 لە بەشی پێشبڕکێی 'ئەنکاونتەرس'ـی 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین بوو، هەروەها لە فیستیڤاڵی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر لە تورکیا بەشداربوو و توانی خەڵاتی فێستیڤاڵەکانی تورکیا بەدەستبێنێت.
لە پێشاندانی فیلمەکە، جگە لە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەوادارانی فیلم، ژمارەیەک فیلمساز و هونەرمەندی کورد ئامادەبوون.
ئەنایس بوڵیکە، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گۆتە لە عێراق، لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە ئامادەبوو و بە رووداوی راگەیاند: "ئەم فیلمە بەشێکە لە نمایشکردنی فیلمە تایبەتەکانە لەرێگەی پەیمانگەی گۆتە و ئێمە لێرە لە ئیمپایەر سینەما لە هەولێر نمایشی دەکەین، ئەمەش بەشێکە لە کارەکانمان بۆ زیاتر نمایشکردنی فیلمی کوردی و ئەڵمانی. ئەمڕۆکەش دوا فیلم بەناوی 'In The Blind Spot' نمایش دەکرێت و لە دەرهێنانی ئایشە پۆڵاتە کە فیلمسازێکی کوردی – ئەڵمانییە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "فیلمەکە باس لە بەسەرهات و ناسنامەی کورد دەکات و خۆشحاڵین کە ئێمە ئەم فیلمەکە نمایش دەکەین، وەکو بەشێک لە کارەکانمان بۆ نمایشکردنی فیلمە تایبەتەکان".
'In The Blind Spot' لە رێگەی چیرۆکی یەکێک لە دایکانی شەممە، باس لە هەوڵی تیمێکی ئەڵمانی دەکات کە دەیانەوێت بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیانی ئازیز چاپکورت، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ بەرهەمبێنن.
ئەم بەرهەمە لە رۆژانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لە قەرس و بازیدی باکووری کوردستان وێنەگیراوە، کۆمپانیای 'میتۆس فیلم' بەرهەمهێنەری سەرەکییەتی و کۆمپانیای پۆنکت و کەناڵێکی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری هاوبەشن و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیای 'ئارت هوود ئینتەرتەیمنت'ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ