رووداو- هەولێر
بۆ ماوەی دوو ساڵ نزیكەی 600 ئەڵقەی پڕۆگرامی (رووداوی ئەمڕۆ)ی لە تەلەڤزیۆنی (رووداو) پێشكەش كرد. ماوەیەكە لە شاشە دووركەوتووەتەوە و بڕیارە بە گوڕوتینێكی تازەوە بگەڕێتەوە سەر شاشە. ئەو نایەوێت هەر لە ئێستاوە میوانەكانی بترسێنێ، بەڵام دەڵێت لە وەرزی تازەی پرۆگرامەكەیدا گۆڕانكارییەكی زۆر لە شێوازی بەرنامەكەدا دەكات و وریاتر و پرۆفیشناڵانەتر مامەڵە لەگەڵ میوانەكانی دەكات.
هیوا جەمال لەم هەڤپەیڤینەدا هەندێك باسی ژیانی كۆمەڵایەتی خۆیشی دەكات.
رووداو: بۆچی هیوا جەمال كەی ئێن ئێنی بەجێهێشت و رووداوی هەڵبژارد؟
هیوا جەمال: من كە هاتمە تۆڕی میدیایی رووداو، یەكێك لە قسەكانم ئەوە بوو كە تا چەند ئازادیی كاركردن هەیە لێرە؟ یاخود تا چەند وابەستەیە بە هەر حیزبێكەوە؟ بەڕێوەبەرایەتی رووداو گەرەنتی ئەوەیان دا كە هیچ سنوورێك بۆ كاركردن نییە و هیچ ئەجێندایەكی حیزبی لە پشتی رووداوەوە نییە، پێیانگوتم زۆر ئازادانە كاری خۆت بكە، هەستم كرد لە رووداو ئازادی كاركردن زیاترە و زیاتر دەستكراوە دەبم، بەڵام كەی ئێن ئێن كەناڵی حیزبێكە، تۆ لە كاتی قەیران و كێشەكاندا ناتوانی هەموو لایەنێك لەو كەناڵە كۆبكەیتەوە، بەڵام لە رووداو دەتوانی.
رووداو: جا ئەو گەرەنتییە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت؟
هیوا جەمال: تاوەكو ئێستا 100% جێبەجێ كراوە و هیچ رێگرییەكم لێ نەكراوە كە چ پرسیارێك بكەم، یان هیچ كەسایەتییەك و حیزبێك وەك هێڵی سوور دانەنراوە، هیچ كەسێك لە كاتی كاركردنم بۆ من هێڵی سوور نییە.
رووداو: هەندێ كەس دەڵێن، هیوا جەمال سەر بە حیزبێكی ئیسلامییە، هەندێكی دیكەش دەڵێن گۆڕانە، تۆ كامیانیت؟
هیوا جەمال: من رۆژنامەنووسم، هیچ حیزبێكم خۆشناوێت و رقیشم لە هیچ حیزبێك نییە، هیچ حیزبێك نیم.
رووداو: ماوەیەكە لە شاشە بەدووری، بەرنامەكەت چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا دێت؟
هیوا جەمال: ستۆدیۆكەی بەتەواوی دەگۆڕێت، شێوازی مامەڵەكردنی رۆژنامەنووس لەگەڵ میوانی بەرنامە وردتر و پڕۆفیشناڵانەتر دەبێت.
رووداو: هەندێجار میوانانی رووداوی ئەمڕۆ تووڕە دەبن، هۆكار چییە؟
هیوا جەمال: هەمیشە ئەو میوانانەی كە دێن، چاوەڕێی هەندێ پرسیار دەكەن و خۆیانی بۆ حازر دەكەن، بەڵام كاتێك ئەو پرسیارانەی ئاراستە دەكرێت كە چاوەڕێی ناكات، ئەوە تووشی جۆرێك لە شڵەژان دەبێت، پڕۆگرامەكەش راستەوخۆیە، میوان هەر قسەیەك بكات ئەوە خەڵك راستەوخۆ دەیبیستێ و دەیبینێ، بۆیە كۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و تووشی شڵەژان دەبێت و لە ئەنجامیشدا تووڕە دەبێت.
من لەم پڕۆگرامەدا مەبەستم سەرخستنی یاخود شكاندنی هیچ كەسێك نییە، پرسیارەكانم پرسیاری دڵی خەڵكن، پێویستە هەموویان وەڵام بدرێنەوە.
رووداو: لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆمێنتی زۆرت بۆ دێن، دەیانخوێنیتەوە؟
هیوا جەمال: بەڵێ، 99%یان دەخوێنمەوە.
رووداو: تۆ خێزانداریت و باوكی منداڵێكی، لەگەڵ هاوژینەكەت چۆن یەكترتان ناسی؟
هیوا جەمال: هاوژینەكەم لە رێگەی خولێكی فێربوونی كۆمپیوتەرەوە ناسی. لە ساڵی 2004 بووینە هاوژین.
رووداو: خێزانەكەت تا چەند هاوكارتە لە كارەكانت؟
هیوا جەمال: هاوكارێكی سەرەكیم بووە و هەمیشە بەشێكی گەورەیە لە كارەكانی من، زۆربەی كات جلوبەرگەكانم ئەو هەڵیاندەبژێرێ.
رووداو: ئەی تۆ تا چەند هاوكاری ئەویت؟
هیوا جەمال: بەپێی توانا هاوكاری دەكەم، خۆشی دەتوانێ باشتر وەڵام بداتەوە.
رووداو: هەرگیز بەتەنیا ژیاویت؟ لە بەڕێوەبردنی كاروباری ناو ماڵدا چۆنی؟
هیوا جەمال: بەڵێ، ماوەی 14 مانگ بەتەنیا لە ئێران ژیام و بۆ كاركردن رۆیشتم، زۆربەی خواردنەكانم ئەوكاتە بۆ خۆم دروستكردووە، تەنیا یاپراخ نەبێ.
رووداو: ئەگەر بڵێن كەسێكی دیكە هەڵبژێرە بۆ ئەوەی رووداوی ئەمڕۆ پێشكەش بكات، تۆ كێ هەڵدەبژێری؟
هیوا جەمال: هێمن عەبدوڵڵا دەتوانێ لە من باشتر رووداوی ئەمڕۆ پێشكەش بكات.
رووداو: بە كام لە بێژەرەكانی رووداو سەرسامی؟
هیوا جەمال: هەموو بێژەرەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بەڵام زۆر سەرسامم بە دلبخوین و سیما.
رووداو: تۆش لەو رۆژنامەنووسانەیت كە بە نیازن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان خۆیان هەڵبژێرن؟
هیوا جەمال: من دەمەوێت وەك رۆژنامەڤان بمێنمەوە، تا ئێستا بیرم لەوە نەكردووەتەوە كە ببمە ئەندامی پەرلەمان یاخود پۆستێكی حیزبی یان حكومی وەربگرم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ