کتێبێک لەبارەی هونەری حەوتەم بۆ کوردی وەردەگێڕدرێت

07-04-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن سینەما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

"پازۆلینی لە زمانی پازۆلینییەوە" کتێبێکە لەبارەی هونەری سینەما، لەلایەن وەرگێڕ، حەمەی مەلا بۆ زمانی کوردی وەرگیڕدراوە و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی رێکخراوی "ئای فیلم" بۆ وەرگێڕانی کتێبە سینەماییەکان.
 
ئاوارە عومەر، بەرپرسی هونەریی رێکخراوی "ئای فیلم"، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کتێبەکە هەڤپەیڤینێکە لەگەڵ پییەر پاولۆ بازۆلینی، سینەماکاری ئیتاڵی و لە لایەن جۆن هاڵیدەی، نووسەر و رۆژنامەڤان ئامادەکراوە، کە ئۆتۆبایۆگرافیایەکی ژیان و ئەزموونی کارکردنی پازۆلینی لەخۆ دەگرێت، ئەو سینەماکارە لەسەر قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی خۆی و کار و فیلمە سینەماییەکانی وەستاوە و گۆشەنیگای خۆی لەبارەی تەکنیک و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی فیلم دەخاتەڕوو. 
 
"ئای فیلم" رێکخراوێکی سینەماییە و لەپاڵ بەرهەمهێنانی فیلم و کاری سینەماییدا، بەشی فیکر و ئەدەبیاتیش لە خۆی دەگرێت، لە رێگەی وەرگێڕانی کتێبی سینەمایی و کۆڕ و سیمینارەوە کار بۆ بەهێزکردنی کولتووری سینەمایی دەکات و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە سەفین قانیعە. 
 
یەکەم چالاکی ئەم بەشە بریتییە لە وەرگێڕانی زنجیرە کتێبێکی سینەمایی، یەکەم کتێبی زنجیرەکە بەناوی "پازۆلینی لە زمانی پازۆلینییەوە"، عیسا عوسمان کاری دیزاینی بۆ کردووە، لە دوای جەژنی قوربانی رێوڕەسمی واژۆکردنی لە زناکۆی سلێمانی بۆ دەکرێت.
 
بەرپرسی هونەریی رێکخراوی "ئای فیلم"، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەدوای ئەو کتێبە، بەردەوام دەبن لە چاپکردنی زنجیرە کتێبەکانیان، دووکتێبی دیکە لە ئامادەکردندایە، ئەویش کتێبی "تارکۆفیسکی" و "ئەلفرێد هیچکۆک"ـە.
 
گوتیشی، بەو هیوایەی لەپاڵ هەوڵە جیدییەکانی دیکەدا،  کەلێنێک لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە، لە بواری کولتووریی سینەماییدا.
 
"ئای فیلم" رێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە، لە 2021 لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی بواری ئەدەب و سینەما دامەزاوە، سەفین قانیع،بەڕێوەبەری رێکخراوەکەیە، هاژە هیوا، بەرپرسی کارگێری و پەیوەندییەکان، ئاوارە عومەر بەرپرسی هونەرییە. 
 
رێکخراوەکە کار بۆ پەرەپێدانی فیلم و سینەما دەکات، بە تایبەت تیۆر، فیکر، ئەدەبیاتی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم، کار و چالاکییەکانی خۆی لە وەرگێڕانی کتێبی سینەمایی بۆ سەر زمانی کوردی دەبینێتەوە کە لە زنجیرەیەک کتێب پێکهاتووە، رەخنەی سینەمایی، نمایشی فیلم لە دەرەوەی شارەکان، سازکردنی کۆڕ و سیمیناری فیکری سینەمایی، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیادا بە مەبەستی کاری پێکەوەیی، بەرهەمهێنانی فیلم بەشێوەی دروست و ئەکادیمی و زانستی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە