رووداو- هەولێر
لە زۆربەی تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان و بەتایبەتی ناوخۆییەكان، شەوانە سروود و گۆرانی بە شان و باڵی پێشمەرگەدا دەگوترێ كە ئێستا لە جەنگدان لە دژی داعش. تەنانەت لە ناوەندی بازاڕی هەولێریشدا ئەو دیاردەیە دەبینرێ. گەنجێك كە سەر عەرەبانەكەی پڕە لە ئاڵای كوردستان بۆ فرۆشتن، بەدەنگی بەرز سروود و گۆرانی بۆ پێشمەرگە لێدەدات و بەناو بازاڕەكەدا دەگەڕێت.
بەبڕوای شارەزایانی نێوەندی هونەری، هەندێك لە گۆرانیانە تەنیا بۆ ناوبانگ پەیداكردنن.
لە دوای مانگی حوزەیرانەوە كە پێشمەرگە لە شەڕی داعشدایە، پشتگیری هاووڵاتیانی كورد بۆ پێشمەرگە بێ ئەندازە بووە وەك دەستپێكردنی هەڵمەتی ''هەموومان پێشمەرگەین'' لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئەم هەڵمەتە بووە هۆی هاندانی چەند هونەرمەندێكی كورد كە پێكەوە كلیپ و گۆرانی بۆ پێشمەرگە تۆمار بكەن.
دەیان كلیپ و گرتەی ڤیدیۆیی دروستكراون. هەندێكیان بریتین لە سروودە كۆنەكان، هەندێكشیان تازە بەرهەمهێنراون. زۆرجار هونەرمەند و گۆرانیبێژەكان جلوبەرگی پێشمەرگە دەپۆشن و كلیپەكانیان لە بەردەم ئۆتۆمبێلە سەربازییەكاندا تۆمار دەكەن.
موزیسیەن و بەرهەمهێن، پاڤێڵ سەرهەنگ چەندین سروود و گۆرانی بۆ پێشمەرگە و قوربانیانی دەستی داعش نووسیوە و بەرهەمهێناوە. كامەران كەریم گۆرانی ''پێشمەرگە''ی بەرهەمهێناوە كە یەكێكە لەو گۆرانییە دەگمەنانەی دەربارەی جەنگاوەرانی كورد نووسراوە.
سروودێكی باو، گۆرانی ''كوردستان''ە لەلایەن هەرێم سەڵاح كە پاڤێڵ كاری موزیك و كلیپی بۆ كردووە، ئەم گۆرانییە رۆژانە لە كەناڵەكانەوە پەخش دەكرێ.
بۆچی لە چەند مانگی رابردوودا ئەوەندە سروود و گۆرانی لەو جۆرە بەرهەمهێنراون. هەرێم سەڵاح ئاماژەی بە مێژووی كورد كرد كە رابردووەكەی بە توندوتیژی و خۆین نووسراوە "زۆرجار تاكە وەڵام هیوا و شانازی كورد بووە بە گۆرانییەكانی بۆ هاندانی خەڵك لە بارودۆخە ناخۆشەكاندا. كورد هەمیشە لە كەنار و ئەگەردا ژیاوە. خەمباری هەمیشە نزیكتر بووە لە خۆشحاڵی".
هەرێم، گۆرانیبێژانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش كرد: "زۆر لە موزیسیەن و گۆرانیبێژان، هەست دەكەن دەبێت گۆرانی بڵێن بۆ بەرزكردنەوەی ورەی خەڵك. بێگومان هەندێكیش هەن ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆ پەیداكردنی ناوبانگ بەناوی گۆرانیگوتن بۆ پێشمەرگە.''
بیزا شەڵماشی، هونەرمەندێكی كوردی دانیشتووی ئەوروپا كە بەشدار بووە لە كلیپێكی گۆرانیدا، دەڵێ زۆر لە هونەرمەندانی كورد هەست دەكەن ئەركی سەرشانیانە سروود بۆ پێشمەرگە بڵێن.
لە كلیپی ئەو گۆرانییەدا وێنەی هاووڵاتیانی ئێزدی دەبینرێ كە لەدەست داعش هەڵدێن. پەیامی گۆرانییەكە ئەمەیە: ''كەس ناتوانێ رێگری لەو كارەساتە بكات" كە رووبەڕووی ئێزدییەكان كرایەوە لەلایەن داعشەوە.
"مەبەستی سەرەكی گۆرانییەكە بەرزكردنەوەی ورە و دروستكردنی هەستی یەكگرتوونە لەناو كورد'' شەڵماشی گوتی ''بەڵام هەموو گۆرانییەكان ئەم ئامانجە ناپێكن. بۆ هەندێك لە هونەرمەندان، ئەوەی گرنگ بوو بەلایانەوە ئەوە بوو كە ببنە یەكەم كەس لە بەرهەمهێنانی سروود بۆ پێشمەرگە، نەك بەرهەمهێنانی سروود و گۆرانییەكی جوان".
چەندین جۆری جیاواز لە گۆرانی و سروود بەرهەمهێنراون: لە ستایلی سەربازییەوە بۆ هۆنراوەی ناسك. لەو كلیپانەوە كە وێنەكانیان چیرۆكێك دەگێڕنەوە، بۆ ئەوانەی وێنەی پێشمەرگە و چیاكانی كوردستان نیشان دەدەن.
گۆرانی و كلیپەكان رەنگدانەوەی ئەو جیاوازیانەیە كە لەنێوان كوردی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان و ئەوانەی هەندەراندا هەیە، وەك شەڵماشی ئاماژەی پێكرد. دوا كلیپی ئەو بەناوبانگە لە ئەوروپا، بەڵام بۆ بینەرانی ناوخۆی كوردستان دەبوو ژێرنووس هەبێت بۆ رستە ئینگلیزییەكان.
گۆرانیبێژ و هونەرمەندان بە فرۆشتنی كلیپەكانیان پارە پەیدا دەكەن، بەڵام كۆپیكردنی سیدی و داگرتنی گۆرانی لە ئینتەرنێت بەشێوەیەكی نایاسایی بووەتە هۆی ئەوەی داهاتێكی كەمیان دەستبكەوێت.
"دەبێت یاسای كۆپی رایت جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئێستا كێشەی زۆر گەورەتر هەن كە دەبێ چارەسەر بكرێن'' سەرهەنگ وایگوت. ئەو كۆك بوو لەگەڵ شەڵماشی لەبارەی ئەوەی كە هەموو گۆرانی و سروود و كلیپەكان بە ستانداردێكی باش نەكراون.
سەرهەنگ گوتی "كاتێك ئەو هەموو گۆرانی و سروودە بەرهەمدەهێنرێن، بێگومان كواڵێتی باش نابێت. كواڵێتی زۆریان باش نییە، بەڵام ئەمە لە هەموو شوێنێك وایە. پاش ماوەیەك تەنیا گۆرانی و مۆسیقا باشەكان دەمێننەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ