رووداو- هەولێر
دیلان خۆشناو، بە دەنگی میوزیك و گۆرانی گەورە بووە. ئەو لە بنەماڵەیەكی هونەری لە كوردستان لەدایكبووە، باوكی رەنجبەر خۆشناو بە ئامێری عوود لایەلای بۆ كردووە و رزگار خۆشناوی مامیشی لە جێی ئەلف و بێی كوردی نۆتە و میلۆدی بۆ نووسیوەتەوە، بۆیە كاتێك گەورە دەبێ، كارەكانی ئەوان تەواو دەكات و دەبێتە گۆرانیبێژ.
دیلان خۆشناو، لە ئەڵمانیا دەژیت، ئێستا ئامادەكاری دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی یەكەمین ئەلبوومی گۆرانی، ئێستا كە لە هەولێر سەرقاڵی ئەلبوومەكەیەتی، (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.
رووداو: ماوەیەكی زۆر لە كاری هونەری دووركەوتیتەوە، هۆكارەكەی چی بوو؟
دیلان: راستییەكەی بەهۆی سەرقاڵبوونم بوو بە خوێندن لە بەشی ئەندازیاری، هەروەها كارم دەكرد و وەرگێڕ بووم، زۆر كاتم بۆ هونەر نەبوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكیشە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەلبوومێكی گۆرانی و میوزیكم، كە بەشێك لە كارەكان كۆتایی هاتووەو لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت، لەبەر ئەوەی هەموو كارەكانی ئەو ئەلبوومەم بەتەنیا كردووە، زۆر دواكەوتین و لە راگەیاندنیش دوور كەوتبوومەوە.
رووداو: ئەلبوومە نوێیەكەت لە چەند تراك پێكهاتووە؟
دیلان: لە 10 تراك پێكدێ، سێ لە گۆرانییەكان كۆنن و گۆرانییەك كە لەلایەن هونەرمەند شڤان پەروەر بەناوی من بیریا تە كریە گوتراوە، من بەشێوازێكی نوێ دابەشكردنی میوزیكم بۆ كردووە. هەروەها گۆرانییەكی هونەرمەند لەیلا فەریقیم دووبارە كردووەتەوە، لەگەڵ گۆرانییەكی هونەرمەند كەمال محەممەد. جگە لەوەش گۆرانییەكم بە كوردی و ئینگلیزی و ئەڵمانی گوتووە كە لە ئاواز و تێكستی خۆمە.
رووداو: ئەو هونەرمەندانە ئاگادارن كە گۆرانیی ئەوان دەڵێیتەوە؟
دیلان: پرسم بە هونەرمەند لەیلا فەریقی كردووە و زۆریش پشتگیریی كردم. بەڵام بەداخەوە تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە رەزامەندی هونەرمەند شڤان پەروەر وەربگرم، من لە منداڵییەوە ئەو هونەرمەندە دەناسم و وەكو هونەرمەندێكی شۆڕشگێڕی كورد ناسیومە، هەوڵ دەدەم رای ئەویش وەربگرم. هونەرمەند كەمال محەممەدیش ئاگاداری ئەم كارە نییە، بەڵام لە هەوڵدام رەزامەندی وەربگرین.
رووداو: چۆن بیرت لەوە كردەوە لەبەرنامەی زە ڤۆیسی ئەڵمانیا بەشداری بكەیت؟
دیلان: بەڕاستی سەرەتا من ناوی خۆم نەنووسیبوو، ئیمێلێكم بۆ هات سەرپەرشتیارانی ئەو بەرنامەیە لە ئەڵمانیا منیان بانگهێشت كرد بۆ ئەوەی لەو بەرنامەیە بەشداری بكەم، خۆشبەختانە تاوەكو دووەم قۆناغ رۆیشتم، بەڵام ئەزموونێكی زۆر باشم لەو بەرنامەیە پەیدا كرد.
رووداو: لە سۆشیال میدیادا زۆرجار ڤیدیۆ بڵاودەكەیتەوە كە بەزمانی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی گۆرانی دەڵێت، بۆچی دەتەوێت بە زمانی بیانی گۆرانی بڵێی؟
دیلان: حەز دەكەم بەهەموو زمانێك گۆرانی بڵێم، لەگەڵ ئەوەشدا پێمخۆشە گۆرانییەكان بەشێوازی تایبەت بەخۆم بڵێمەوە نەوەك لاسایی هونەرمەندان بكەمەوە، گرنگ ئەوەیە گۆرانی و میلۆدییەكە خۆش بێت، من دەیڵێمەوە و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەمەوە.
رووداو: لە ئەلبوومە نوێیەكەتدا خۆت هەموو كارێكت كردووە، میلۆدیت داناوە، كاری دابەشكردنی میوزیكت كردووە، ئەمە بۆ؟
دیلان: زۆر كەس هەوڵیدا هاوكاریم بكات، بەڵام من حەزم كرد ئەمجارە خۆم هەموو كارێك بكەم و هێز و توانای خۆم تاقی بكەمەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من لە هەموو كەس باشتر دەزانم چ تۆنێك لەگەڵ دەنگی من دەگونجێت، یاخود چ ملیۆدییەك لەگەڵ ئەداو هێزی دەنگم دێتەوە.
رووداو: دەنگی كامە كچە هونەرمەندی كوردت پێخۆشە، یان گوێ لە كامە هونەرمەندی كورد دەگری؟
دیلان: دەنگخۆشی كچمان زۆرە، بەڵام من زۆر شەیدای دەنگی هونەرمەندان لەیلا فەریقی و ئاینوور دۆغانم. هەمیشە گوێ لە گۆرانیی ئەوان دەگرم، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی دەرفەت گوێ لە هەندێ گۆرانیبێژی كچی كورد دەگرم.
رووداو: لە ئەڵمانیا زیاتر بەچییەوە سەرقاڵی؟
دیلان: ئیشی سەرەكیم وەرگێڕانە، لەگەڵ كۆچبەران كار دەكەم. لەگەڵ ئەوەشدا كاری هونەری دەكەم، ئەگەر كاتم هەبوو كاری میوزیك و تۆماركردنی گۆرانییەكانم دەكەم، وەكو هەر كچێكی دیكەی ئەو وڵاتە دەژیم.
رووداو: ئایا دیلان عاشق بووە؟
دیلان: من تاوەكو ئێستا شووم نەكردووە، (بە پێكەنینەوە) شووم كردووە بە میوزیك و گۆرانی، بەڕاستی عاشقیش نەبووم، هەرچەندە حەز دەكەم عاشق بم و شوو بكەم، بەڵام دیارە تاوەكو ئێستا قسمەت نەبووە. ئەگەر شووش بكەم پێم باشە كوڕەكە كورد بێت، بەڵام لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە دڵی گەورە بێ.
رووداو: لە هەموو ڤیدیۆكلیپەكانت دانس دەكەی، حەز لە هەڵپەڕكێی كوردی ناكەیت، یان تەنیا دەتەوێت سەما بكەی؟
دیلان: من خۆم ناوم دیلانە، كەواتە دەبێت هەردەم هەڵپەڕم، بەڕاستی من زۆر حەز لە دانس دەكەم، جا كوردی بێت یان بیانی، گرنگ ئەوەیە سەما بكەین، بەڵام ئەو گۆرانیانەی من دەیڵێم هەموو بە ریتمی ئەوروپییە بۆیە دانسی زیاتر لەگەڵ دەگونجێ.
رووداو: لە بەرنامەتدایە كارێك بۆ پشتگیری لە گشتپرسی بكەی؟
دیلان: بەشانازییەوە من ئامادەم هەموو كارێك لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستان و سەرخستنی گشتپرسی لە كوردستان بكەم، چونكە ئەوە خەونی من بوو، بەڕاستی من لە رێگەی ئێوەوە داوا دەكەم هەموو خەڵكی كوردستان بچنە سەر سندوقی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگی خۆیان بدەن.
رووداو: تۆ بەشی ئەندازیاریت لە ئەڵمانیا تەواو كردووە، بەڵام ئێستا كاری هونەری دەكەیت، پەشیمان نیت لەوەی پیشەكەی خۆی بەجێهێشتووە؟
دیلان: من هیچ پەشیمان نیم، هەر كات بخوازم دەتوانم كۆمپانیا دابنێم و كاری ئەندازیاری بكەم، دەتوانم هەردووكیان بەیەكەوە بكەم، بەڵام كاری هونەریم خۆشتر دەوێت لە كاری ئەندازیاری .
رووداو: هیچ نەشتەرگەرییەكی جوانكاریت كردووە؟
دیلان: نەخێر تاوەكو ئێستا هیچ نەشتەرگەرییەكی جوانكاریم نەكردووە.
رووداو: ئەی تاتۆ كە زۆر لە هونەرمەندان حەزیان لێیە؟
دیلان : من حەز لە تاتۆ ناكەم، هیچ تاتۆم نەكردووە، بەڕای من تاتۆ زیاتر لە پیاوان جوانترە نەوەك ئافرەتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ