رووداو - فرانس پرێس
زنجیرە فیلمی "ئیندیانا جۆنز"، یەکێک لە فیلمە سەرکەوتوەکانی هۆلیوود و سینەمای جیهانە و پێشتر چوار بەشی بەرهەمهاتووە، ئەوانەی هۆگری ئەم بەرهەمە سینەماییەن، هەواڵی بەشی پێنجەم بۆ ئەوان دڵخۆشکەر دەبێت.
ستیڤن سپێلبێرگ، دەرهێنەری ناسراوی سینەمای هۆلیوود و جیهان کە پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ بەشەکانی پێشووی کردووە، رایگەیاند، بەنیازە کاری دەرهێنان بۆ بەشی پێنجەم فیلمەکە بکات.
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی Indian Jones ئەوەشی خستەڕوو، دەخوازێت هاریسۆن فۆرد پاڵەوانی بەشەکانی پێشووی ئەم زنجیرە فیلمە، بەر لەوەی تەمەنی بگاتە 80 ساڵ، لە بەشی پێنجەمیدا بەشداربێت.
فۆرد، ئێستا تەمەنی 73 ساڵە و بەم دواییە بەشداری لە بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی Star Wars –دا کرد، کە بڕیارە لەم مانگەدا نمایشبکرێت.
هەر بەم دواییە فرانک مارشاڵ، بەرهەمهێنەری زنجیرە فیلمی "ئیندیانا جۆنز" رایگەیاند، هیچ کەسێک لەبری فۆرد رۆڵی سەرەکی لەم بەرهەمەدا ناگیڕێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە جۆری فیلمە سەرکێشییەکانە، سپێلبێرگ لە ساڵی 1981، 1984، 1989 و 2008، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
ستیڤن سپێلبێرگ، لە ساڵی 18 دیسێمبەری 1946-دا لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر لە سینەمادا کاردەکات، لەرێگەی بەرهەمە سینەماییەکانییەوە چەندنی خەڵاتی سینەمایی بەدەستهێناوە، لەوانەش دوو خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین دەرهێنەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ